هێزی تویت (بڵاوكراوە): دەنگی گەلە چەوسێنراوەكان

Dec 03 2023

هێزی تویت (بڵاوكراوە): دەنگی گەلە چەوسێنراوەكان

بۆ مسوڵمانانی جیهان، لە ژنان و پیاوان:

من مەبەستی پشت تویتەكانم (بڵاوكراوەكانم)، هەوڵدانە بۆ بەدیهێنانی ڕاگەیاندنێكی ئازاد و یەكخستنی ڕای گشتی لەبارەی پرس و دۆزە گەورەكانەوە.

دەڵێن: "قەڵەم لە شمشێر بەهێزترە".

بیرۆكەكانیش لە فیشەك كاریگەرترن.

بەڵام لەم سەردەمی نوێی تەكنەلۆجیایەدا، دەكرێت بڵێین: "تویت لە شمشێر كاریگەرترە".

خۆشەویستان:

من دەمەوێت وا لە دەنگمان بكەم لە جیهانی پەیوەست بە تۆڕی ئینتەرنێتەوە، بیستراو بێت. بەجۆرێك بتوانین بەشێوەیەكی دانایانە و هۆشیارانە، بیركردنەوە و بۆچوون و وێنە و شادی و برینەكانمان لەگەڵ جیهان بەش بكەین.

هەروەك چۆن بیركردنەوەی ئێمە لەسەر دیدگایەكی گشتگیری فیقهی بەندە و  پشت دەبەستێت بە فیقهی كێشان لە هۆشیاریی ڕۆژگاردا.

دەڵێن: "ڕاستی پێویستی بە بانگ نییە، بەڵكو پێویستی تەنها بە بێژەرێكە"، جا كاتێك ئێمەش پشتگیریی دەنگی گەلە ژێردەستەكان دەكەین و هەوڵ دەدەین ڕای گشتی لەبارەی پرس و دۆزە گەورەكانەوە یەك بخەین، ئەوا ئێمە بەشداری دەكەین لە بەدیهێنانی دادپەروەری و گۆڕانكاری و خزمەتی ئایین و پەیامەكەمان، ئێمە ڕووبەرێك دەدەین بەوانەی دەنگیان نییە و هیوا و سەختییەكانیان دەخەینە بەرچاوی جیهان.

ئەمەش بۆخۆی ئەركی بانگخواز و زاناكانە..

جا لەپێناو بەدیهێنانی ئەم ئامانجانەدا، پێم خۆش بووە چەندین پەند و قسەی بەناوبانگی كەسایەتییە مەزنەكان بهێنم و بڵاوی بكەمەوە.

خوا (موحەمەد كڵای) بەر ڕەحمەتی خۆی بخات كە وتی: "ئەو درەختەی زۆر ئاو دەدرێت، گەشە دەكات تا ببێتە درەختێكی بەهێز و سەوز".

هەر ئەمەشە هۆكاری ئامادەگیی چڕوپڕی خۆم و ئۆفیسی ڕاگەیاندنەكەم لەم ڕووداوانەدا..

كەمپینی "من دەنگیان پێ دەدەم"تان لەبیرە؟، ئەوەی كە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی بەكارهێنا بۆ یەكخستنی ڕای جیهان لەبارەی كێشەی هەژاری لە جیهاندا.

ملیۆنان كەس بەشداریی ئەو كەمپینەیان كرد و دەنگیان بیسترا، ئەمەش وای كرد لەكۆتاییدا چەند ڕێوشوێنێكی ڕاستەقینە بۆ سنوورداركردنی هەژاری، بگیرێتە بەر.

منیش لای خۆمەوە هەست بە شانازی دەكەم و نیازم ڕەزامەندی خوایە كاتێك ڕۆڵم هەیە لە هاندان و پشتگیری كردنی خەڵك بۆ بەرگری كردن لە دۆزەكانیان.

پێم وایە هێزی ڕاستەقینە لە تێپەڕاندنی شكاندا، ئەوەیە بتوانیت كار لە خەڵكی بكەیت و قایلیان بكەیت كە بەشداری دۆزەكەت بن.

ئەی مسوڵمانان، هەمووتان بانگهێشت دەكەم بۆ:

  • بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەشێوەیەكی دانایانە و دروست.

  • بەكارهێنانی ئەم ئامڕازانە بۆ یەكخستنی ڕای گشتی لەبارەی دۆزە گەورەكان و پشتیوانی كردنی گەلە ژێردەستەكان.

  • مەزنترین گۆڕانكارییەكانی مێژوو، ئەوكاتە ڕوویان داوە كە بیركردنەوە و دڵەكان یەكیان گرتووە و بەرەو یەك ئامانج هەنگاویان ناوە.

  • با تویتەكانمان (بڵاوكراوەكانمان) بكەینە هۆیەك بۆ گۆڕانكاری و دەنگی گەلە چەوسێنراوە و ژێردەستەكان.

پەروەردگارا بەكارمان بهێنە و مەمانگۆڕە.. بە خۆت شكۆدارمان بكە نەك غەیری خۆت..

پەروەردگارا بمانكەیتە سەركەوتن بۆ مسوڵمانان و، چاو بۆ ڕاستی و حەقیقەت و، پشتیوانی بۆ هەموو ستەملێكراوانی سەر ڕووی زەوی، لە مسوڵمانان و نامسوڵمانان..

 

پ.د. عەلی قەرەداغی

ئەمینداری گشتیی یەكێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان