پ.د. عەلی قەرەداغی، لە لێدوانێکدا بە توندی سەرەکۆنەی هێرشی زایۆنی و ئەمریکییەکان بۆ سەر ئێران و هێرشە پێچەوانەکانی ئێران بۆسەر وڵاتەکانی دیکە دەکات.

Mar 03 2026

پ.د. عەلی قەرەداغی، لە لێدوانێکدا بە توندی سەرەکۆنەی هێرشی زایۆنی و ئەمریکییەکان بۆ سەر ئێران و هێرشە پێچەوانەکانی ئێران بۆسەر وڵاتەکانی دیکە دەکات.

زۆر بە ڕوونی هۆشداری دەدەین لەئاست شەپۆلی خۆبەزلزانیی زایۆنی-ئەمریکی کەوا لە ناوچەکەماندا تەشەنە دەکات و وەک گۆڕەپانێک بۆ گەیاندنی نامەی سەربازی و تاقیکردنەوەی چاوەترسێنی، مامەڵە لەگەڵ ئاسایشی نیشتمانەکانمان دەکات.
ئەم ڕێڕەوە دەرگای ئاڵۆزییەکی بەرفراوان دەکاتەوە و سەروەریی وڵاتانمان دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەی سەخت و هەڕەشە لەو سەقامگیرییە دەکات کە خەڵکی ناوچەکە لەپێناو پاراستنیدا؛ باجێکی قورسیان داوە.
هەر پڕۆژەیەکی باڵادەستی کە بە عەقڵیەتی "خۆ بە باڵا زانین"ەوە بەڕێوەبچێت، دڵەڕاوکێی بەردەوام لەسەر زەوی دەچێنێت و ناوچەکە لە دۆخی ئامادەباشییەکی بێ کۆتاییدا دەهێڵێتەوە.

لە هەمان کاتدا، سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی ئێران دەکەین کە کەنداوی عەرەبی و ئوردن و هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە و بووەتە هۆی دروستبوونی ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو خەڵکی سڤیل و کەوتنەوەی قوربانی و زیان گەیاندن بە ژێرخان و دامەزراوەکان. ئاسایشی خەڵک هێڵی سوورە و حورمەتی خوێن بنەمایە لە ئایین و یاساکاندا.
ئەم ئۆپەراسیۆنانە بازنەی مەترسی فراوانتر دەکەن و ئەگەرەکانی تەقینەوەی دۆخەکە دوو هێندە دەکەن و ناوچەکە بەرەو ئاژاوەیەک پەلکێش دەکەن کە خزمەت بە هیچ کەسێک ناکات.

داوا لە تاران دەکەین دەستبەجێ ئەم هێرشانە ڕابگرێت و ئاڕاستەی خۆی بگۆڕێت لە گۆڕەپانە ئارامەکان و دامەزراوە هەستیارەکان کە پەیوەندییان بە ژیانی هاوڵاتیانەوە هەیە لە قەتەر و وڵاتانی دیکەی کەنداو و دوور لە شارەکانی وەک هەولێر و شوێنەکانی دیکە. هەر نامەیەک لەسەر سەری مەدەنییەکان بنووسرێت ڕەوایەتی خۆی لەدەست دەدات و هەر هەژمارێکیش لەسەر حیسابی ئاسایشی دراوسێیەکان بکرێت، گۆشەگیری قووڵتر دەکاتەوە و تێچوونەکەی قورستر دەکات.

هاوکێشەی هەرێمایەتی پێویستی بە عەقڵانیەتێکی ستراتیژی و کۆنتڕۆڵکردنێکی توندی ڕێساکانی تێهەڵچوون و بێلایەنکردنی تەواوی کۆمەڵگاکان هەیە لە ئاگری نامە ئاڵوگۆڕکراوەکان.
کورتترین ڕێگا بۆ سەقامگیری، بە ڕێزگرتن لە سەروەری و پاراستنی گیانی خەڵک و پەنابردن بۆ کەناڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکان و زاڵکردنی لۆجیکی دەوڵەت بەسەر لۆجیکی مەیدانە کراوەکاندا تێدەپەڕێت.

ناوچەکە لەسەر دووڕیانێک وەستاوە. بژاردەی هێور کردنەوەی دۆخەکە، ئاسۆیەک بۆ گفتوگۆیەکی بەرپرسانە دەکاتەوە کە ئاسایشی کەنداو و ئوردن و هەرێمی کوردستان دەپارێزێت و بەها بۆ پرەنسیپی دراوسێیەتی باش دەگەڕێنێتەوە. بژاردەی گرژکردنیش ڕووبەری ئاگرەکە فراوان دەکات و شەپۆلی نوێی دڵەڕاوکێ و وێرانکاری بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

شکۆی نیشتمانەکانمان و ئاسایشی گەلانمان لە پلەی باڵادان.

داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی هەموو بەئامانجگرتنێک دەکەین کە زیان بە خەڵکی سڤیل و دامەزراوە هەستیارەکان بگەیەنێت، هەروەها داوای ڕێڕەوێکی سیاسی دەکەین کە سەقامگیری بچەسپێنێت و هاوسەنگی بۆ ناوچەکە بگێڕێتەوە و مافی ژیانێکی ئارامی دوور لە پڕۆژەکانی خۆسەپاندن و پەرچەکرداری بەپەلە؛ بپارێزێت.