پ.د. عەلی قەرەداغی ئامۆژگاری و وەسێتێك ئاڕاستەی بانگخوازان دەكات

Oct 30 2025

وەسیەت دەكەم بۆ خۆم و برایانی زانستخوازم و هەموو ئەوانەی لە مەیدانی بانگەواز و چاکسازیدا كار دەكەن، کە فیقهی ئایین بکەنە تەرازوویەک بۆ ژیانیان نەک تەنها ناونیشانێک لەسەر زمانیان. هەروەها لەوە تێبگەن کە زانست لەبارەی ئایینەوە، تەواو نابێت هەتا لەو مەبەستە گەورانە تێنەگەن کە خوا بۆ بەندەکانی ویستوونی: لە پاراستنی ئایین و عەقڵ و مرۆڤ و ئاوەدانكردنەوە.

فقهی میزان بریتی نییە لە لەبەرکردنی دەقەکان و دووبارەکردنەوەی فەتواکان، بەڵکو بریتییە لە تێگەیشتن لە شوێنیان لە واقیعدا و خەمڵاندنی کێشیان لەژێر ڕۆشنایی مەبەستە باڵاکاندا. هەروەها بریتییە لە جیاکردنەوەی گۆڕاو لە جێگیر، و بنەما لە ئامڕاز و ڕێتێچووەكان لە هیوابۆخوازراوەكان.

وەسیەتیان بۆ دەكەم بە چاوی هۆشیاریییەوە لە ئایین بڕوانن نەک بە چاوی عادەت و خووەوە. هەروەها بە هۆشێكی ڕەخنەگر و بیناییەکی ڕوونەوە سەردەم لەپێش چاو بگرن، چونکە سەردەمی ئێمە ئامڕازەكان و هێز و بیرۆکەی لەیەكئاڵاو حوکمی دەکەن و هەرکەسێک لە یاساکانی گۆڕان و سروشتە كۆمەڵایەتییەكان تێنەگات؛ ناتوانێت شەریعەت لە واقیعی زیندوویدا جێبەجێ بكات.

بەڕاستی یەکێک لە گەورەترین کێشەکان ئەوەیە بە هۆشێكی چەق بەستووەوە مامەڵە لەگەڵ دەقەکانی وەحیدا بکەین، یان سەردەمی ئێستا بە ڕابردوو بپێوین؛ بەبێ تێگەیشتن لە پاڵنەر و ئاڵنگارییەکانی ئەوكاتە.

بۆیە پێویستە و ئەركە لەسەر فیقهزان و بیرمەندان و چاکسازان كە خاوەنی هاوسەنگی بن؛ لەنێوان ئامانج و ئامراز، لەنێوان جێگیر کە ناگۆڕێت، و گۆڕاو کە بازنەی ئیجتیهادی فراوان دەبێت. با بزانن کە چەسپاندنی دادپەروەری بە ژاوەژاو نابێت و زیندووکردنەوەی ئایین بە دوورەپەرێزی لە جووڵەی ژیان نابێت. چونکە تەقوای ڕاستەقینە کشانەوە نییە لە واقیع، بەڵکو دیدێكە ڕێگا ڕۆشن دەکاتەوە، تەرازوویەکە مرۆڤ هەڵوێستی خۆی پێ دەکێشێت.

وەسیەت بۆ هەرکەسێک دەکەم کە خەمی گەلی هەڵگرتووە، تێبگات لەوەی هاوسەنگی کردن لەنێوان تواناکان و دۆخی ئێستا؛ ڕۆحی فقهی میزانە. کەواتە ناكرێت ئەوەی بەهێز دەتوانێت بیکات، لە لاوازیشی داوا بكەیت. نابێت کۆمەڵگەکان بەرەو جەنگێك پەلكێش بكرێن کە بەرگەی ناگرن، لەبەرامبەردا ناشكرێت بە بیانووی لاوازیی بارودۆخ، جووڵەی چاکسازی سڕ بكرێت. بەڕاستی دانایی ئەوەیە کە بەپێی توانای خۆمان هەنگاو هەڵبنێین و قەبارەی ئەو توانایەش بە هزر و هۆش و كار و ئارامگری فراوانتر بكەین، نەک بە بێتوانایی و بە سەرکێشی.

بەڕاستی فقهی میزان فێرمان دەکات کە تێڕوانینی ڕێژەیی، توندڕەوی دروست دەکات و دەبێتە هۆی زیادەڕەوی لە لایەنێکدا و کەمتەرخەمی لە لایەنێکی تردا. ڕزگارییش لەوەدایە كە ڕۆشنایی وەحی و دیدی واقیعییانە بەیەكەوە گرێ بدرێن و بێ خەوشیی بنەماكان و زیرەكیی ئامڕازەكان بەیەكەوە كۆبكرێنەوە.

جا هەرکەسێک کارەکانی بە تەرازووی شەرع و عەقڵ و بەرژەوەندی نەکێشێت، دەکەوێتە لایەك لە لایەنەكانی زیادەڕەوی و کەمتەرخەمییەوە، ئەو دوو لایەنەش هەردووکیان وێرانكەری گەل و بیر و ویژدانن.

کەواتە زانستخوازانی ئازیز، ئامانج و مەبەستەكانی ئایین بکەنە چرای ڕێگاتان، و سەردەمیش بکەنە مەیدانی هەڵێنجان و ئیجتیهادەكانتان. جیاوازی مەکەن لەنێوان خواپەرستی و خزمەتکردنی بەدیهێنراوەکانی، جیاوازی مەكەن لەنێوان نوێژی سەر بەرماڵ و کارکردنی مەیدان؛ چونکە ئایین لە ژیان جیا ناكرێتەوە و ژیانیش بەبێ هۆشیاری لەبارەی ئایین و واتا و مەبەستی پشیتەوە؛ گەشە ناکات.

ئەمە ئامۆژگاری و وەسێتی منە، داوا لە خودا دەکەم بیکاتە یادخستنەوەیەک بۆ خۆم و بۆ هەموو ئەوانەی کە دەیخوێننەوە. داواكارم خودا دیدێكمان پێ ببەخشێت کە شتەکان بە تەرازووی حەق بکێشێت، دادپەروەرییەکمان پێ ببەخشێت کە زیادەڕەوی ڕەت بکاتەوە، هۆشیارییەکمان پێ ببەخشێت کە ئایین و مرۆڤ و سەردەم بەیەكەوە ببەستێتەوە؛ ئەمەش لەپێناو ئەوەی کارەكانمان شایستەی ئەو ئەمانەتە بێت كە دراوە بەسەرماندا و زانستیشمان شایستەی پەیامەکە بێت.