Sep 26 2025
"بنەماکانی خێزانی موسڵمانی بەهێز"
خوای گەورە خوازیارە ئەم ئوممەتە باشترین ئوممەت بێت کە بۆ خەڵک نێردراوە. ئەم باشییە بە ڕەگەز و نەتەوە نییە، بەڵکو باشبوونی سیفاتەکان، خزمەتکردن، هێز، سەربەرزی و بەزەییە. هەر بۆیەش خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا گرنگییەکی زۆری بە خێزان داوە. خوای گەورە ویستوویەتی لە ڕێگەی ئایەتەکانییەوە، خێزان لە ئیسلامدا خێزانێکی ئارام، پتەو، بەهێز، لەسەر خۆشەویستی و سۆز، لەسەر ڕێزگرتن و لەسەر مافە هاوبەشەکان بنیات بنرێت.
یەک گیان
خوای گەورە چەند بنەمایەکی بۆ ئەم خێزانە داناوە. یەکێک لە گرنگترینەکانیان ئەوەیە کە قورئانی پیرۆز ئاماژەی پێداوە: (وَمِنْ آيَاتِهِ أَنْ خَلَقَ لَكُم مِّنْ أَنفُسِكُمْ أَزْوَاجًا لِّتَسْكُنُوا إِلَيْهَا وَجَعَلَ بَيْنَكُم مَّوَدَّةً وَرَحْمَةً * إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَآيَاتٍ لِّقَوْمٍ يَتَفَكَّرُونَ)، (واتە: لە نیشانەکانیشی ئەوەیە کە لە خودی خۆتان هاوسەری بۆ دروست کردوون، بۆ ئەوەی دڵتان ئارام بگرێت بەلایانەوە، خۆشەویستی و سۆزیشی خستۆتە نێوانتانەوە، بێگومان لەمەدا بەڵگەی زۆر هەن بۆ کەسانێک کە بیر دەکەنەوە). ئەم ئایەتە پیرۆزە چەند بنەمایەکی سەرەکی لە خۆدەگرێت بۆ شێوەدان بە كردەوە و بۆ بونیادنانی خێزانێک کە پتەو و پڕ خۆشەویستی بێت.
لە گرنگترین ئەم بنەمایانە ئەوەیە کە ئێمە لە یەک ڕەگەزین، ژن و پیاو لە یەک گیانین، کە ئەویش باوکە ئادەم (سەلامی خوای لەسەر) و دایکە حەوایە. وەک لە زۆربەی ئایەتە پیرۆزەکاندا هاتووە، خوای گەورە حەوای لە خودی ئادەم دروست کردووە؛ تاكو ببێتە بەشێک و پارچەیەک لێی، بێ جیاوازی و دوور لە نزمکردنەوە. خۆشەویستی مرۆڤ بۆ پارچەیەک لە خۆی – وەک دڵی و هەموو ئەندامەکانی – دەبێت بۆ هاوسەرەکەشی بڕوات، چونکە ئەو بەشێکە لێی. یەک گیان بوون بنەمای هاوکاری و بەهێزییە، و داننان بەوەی کە ئێمە لە یەک ڕەگەزین و لە یەک گیانین، کۆتایی بە شانازی و دەمارگیریی نەزانی دەهێنێت کە بەداخەوە ئەمڕۆ لە نێوانماندا باوە.
هیچ کەسێک لەوی دیکە باشتر نییە؛ باشیی پیاو و ژن بە کردارە چاکەکانە. ئەوەی پیاو خاوەنی چەند سیفاتێکە کە لە ژن جیاوازە، یان ژنیش چەند سیفاتێکی هەیە، ئەم جیاوازیانە تەواوکەرن و لەسەر بنەمای فیقهی هاوسەنگی دامەزراون، نەک باشتربوونی یەکێکیان لەوی دیكەیان. بۆیەش فەرمایشتی خوای گەورە: (وَلَيْسَ الذَّكَرُ كَالْأُنثَىٰ)، (واتە: نێر وەک مێ نییە)، هەردوو ڕەگەزەكە دەگرێتەوە؛ وەک چۆن نێر وەک مێ نییە، بە هەمان شێوە مێش وەک نێر نییە. هەر یەکێکیان سیفاتە تەواوکەرەکانی خۆی هەیە، و گەردوون و ژیانی مرۆڤایەتی بەبێ ئەم تەواوکارییە بەردەوام نابێت. ئەگەر هەموو خەڵکی پیاو بوونایە، نەوەکان کۆتاییان دەهات و مرۆڤایەتی لەناو دەچوو، و بە پێچەوانەشەوە هەر ڕاستە. کەواتە ئەمە تەواوکاری و هاوسەنگییە، نابێت هیچ کەسێک خۆی بە باشتر بزانێت تەنها لەبەر ئەوەی پیاوە، یان خۆی بە باشتر بزانێت تەنها لەبەر ئەوەی ژنە.
قورئانی پیرۆز لەم بوارەدا ویستوویەتی ئەم ئوممەتە لەسەر یەکسانییەكی ڕاستەقینە بێت، کە یەکسانییەکی هاوسەنگە. چونکە یەکسانی تەواو دادپەروەری نییە، بەڵکو یەکسانی هاوسەنگ دادپەروەرییە. لە ماف و ئەرکەکاندا دەبێت یەکسانی هەبێت، بەڵام لە ئەرک و تایبەتمەندییەکاندا جیاوازی هەیە، بەڵام ئەم جیاوازییانە لە چوارچێوەی تەواوکاریدان.
دوو نیوەی تەواوکەر
بنەمای دووەم لە فەرمایشتی خوای گەورەدا: (وَمِنْ آيَاتِهِ أَنْ خَلَقَ لَكُم مِّنْ أَنفُسِكُمْ أَزْوَاجًا)، (واتە: لە نیشانەکانیشی ئەوەیە کە لە خودی خۆتان هاوسەری بۆ دروست کردوون). بۆ وشەی "أزواجًا"، کاتێک دوو شت بە یەکسانی بەیەكەوە دەبن، پێی دەگوترێت "زەوج" (جووت). ئەمەش بە واتای تەواوکاری دێت، وەک لە بنەمای یەکەمدا ئاماژەمان پێدا. نیوەی جووتەکە ژنە و نیوەکەی دیکەی پیاوە. کەواتە، ئەمە بەو واتایە دێت کە نابێت هیچ کەسێک بە چاوێکی کەمتر لەوی دیکە سەیری بکات، یان ڕۆڵەكەی بە کەمتر ببینێت. ڕۆڵی مرۆڤایەتی لەسەر ئەم هاوسەرگیرییە بونیاد نراوە.
ئەگەر شتەكە بەمجۆرەبێت، ئەوا دەبێت لە نێوان ژن و مێرددا لەیەكتێگەیشتن بوونی هەبێت؛ با گرفتیش لەنێوانیان هەبێت! دەبێت هەردوولا خۆڕاگربن هەتا دەگەنە ئەم تێگەیشتنە.
ئارامی و بەزەیی
ئینجا خوای گەورە بنەمایەکی دیکەی ڕوون کردووەتەوە، کە بنەمای ئارامییە. پیاو ناتوانێت ژیانێکی ڕاستەقینە، ژیانێکی ئامانجدار، ژیانێکی جێگیر و ژیانێکی هاوسەنگ بژی، هەتا ژنێكی نەبێت كە لەلای ئارام و ئۆقرە نەگرێت، بۆ ژنیش بە هەمان شێوەیە.
کەواتە، بەرژەوەندییە هاوبەشەکان وا دەخوازن کە پەیوەندییەکە لەسەر بنەمای ئەم ئارامی بێت بۆ هەردوولا. پیاو پێویستی بە ژنە، و بە پێچەوانەشەوە ڕاستە. کەواتە، دەبێت هەردوو لا قوربانی بدەن لە پێناوی ئەم ئارامییەدا. ئارامی بریتییە لە جێگیربوونی دەروونی و خێزانی، و ئەمەش داواکراوە. بەبێ ئەم ئارامی و جێگیربوونە، ئاژاوە دروست دەبێت، کێشە دروست دەبێت، و فاكتەری مەترسیداری وا دروست دەبن کە دەبنە هۆی سەرگەردانیی منداڵان و كەسایەتی سامناكدەخاتە ژینگەی کۆمەڵایەتییەوە؛ چونکە کۆمەڵگا لە خێزانەکان پێکدێت و بە پەرشوبڵاویی و ناجێگیریی ئەوان کۆمەڵگا پەرشوبڵاو دەبێت. بەڵام ئەگەر خێزانەکان بەهێز، جێگیر، سەربەرز، پتەو و پڕ خۆشەویستی بوون، ئەوا هەموو ئەمانە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا دەبێت.
تەنانەت ئەگەر خۆشەویستیش لە نێوان ژن و مێرددا نەبوو، دەبێتبنەمای بەزەیی وەك سنووربێت و نەبەزێنرێت. ئایینی ئێمە ئایینی بەزەییە، و خوای گەورە بەزەیی لەسەر ئێمە فەرز کردووە. هەروەها هەموو کارەکان بە ناوی خوای گەورەی میهرەبان و دلۆڤانەوە دەست پێدەکەن، پێغەمبەریشمان (د.خ) وەک بەزەییەک بۆ جیهانیان نێردراوە. کەواتە، تەنانەت ئەگەر کێشەی هاوسەرگیریش هەبوو، دەبێت هەردوو لا بەزەیییان بە یەکتردا بێتەوە. ئەمەش بۆ هەموو ئەندامانی خێزانەکە گونجاوە، نەک تەنها بۆ ژن و مێردەکە. خێزان لەسەر نەرمی و بەزەیی و گوێڕایەڵی بونیاد نراوە، و هیچ سەرشۆڕكردنێك لە ئیسلامدا قبوڵ نییە، جگە لە سەرشۆڕبوون بۆ خوای گەورە نەبێت. هەروەها سەرشۆڕكردن بۆ برا و خوشك، سەرشۆڕییەكی ناپەسەند نییە، بەڵکو لە بابەتی بەزەیی داواکراو و دووركەوتنەوەیە لە لووتبەرزی. خوای گەورە دەفەرموێت: (أَذِلَّةٍ عَلَى الْمُؤْمِنِينَ أَعِزَّةٍ عَلَى الْكَافِرِينَ)، (بەرامبەر بە باوەڕداران گوێڕایەڵ و دڵنەرم و لێبوردەن، بەرامبەر بە کافران بەهێز و توندن). گوێڕایەڵ و دڵنەرم بەرامبەر بە باوەڕداران، ئەی دەبێت لەناو خێزاندا ئەم شتە چۆنبێت؟ ئەمە بنەمایەکی سەرەکییە، ئەگەر بەزەیی هەبوو، ئەوا لێدان یان ئازاردان یان توندوتیژی بوونی نابێت.
هێشتنەوە بە چاکە (إمساك بالمعروف)
یەکێک لە بنەما سەرەکییەکان لەم بوارەدا، بنەمای هێشتنەوە بە چاکە یان جیابوونەوە بە چاکەیە. ئەم بنەمایە ناتوانین پێی بگەین هەتا هەموو قۆناغەكانی چاکسازی تێنەپەڕێنین، لەوانەش: زویربوون، لێدان بەڵام بەو مەرجانەوە کە ئیسلام داینناون، ناوبژیوانی کردن لەلایەن کەسێک لە بنەماڵەی ژنەکە و کەسێک لە بنەماڵەی پیاوەکە، هەروەها گەڕانەوە بۆ شارەزایانی بواری کۆمەڵایەتی، هەروەها هەموو ئەو شتانەی تر کە یارمەتیدەرن بۆ چاکسازی لە نێوان ژن و مێرددا.
جیابوونەوە (تەڵاق) دەبێت دوا بژاردە بێت. شەیتان بە هیچ شتێک خۆشحاڵ نابێت وەک خۆشحاڵبوونی بە جیابوونەوەی ژن و مێرد، وەک لە فەرموودە سەحیحەکاندا هاتووە. نابێت پەلە بکرێت لە جیابوونەوە وەک ئەوەی ئێستا ڕوودەدات، بەڵکو ئێستا زێدەڕۆیی تێدا دەكەن، وەک ئەوەی هەندێک دەڵێن: سێ بە سێ تەڵاقم كەوتبێت یان دە تەڵاق و سەد تەڵاق ...هتد. ئەمە پێشێلکردنی شەریعەتی خوای گەورە و سوننەتی پێغەمبەری خودایە (د.خ) و تاوانە. ئەم جیابوونەوە بە چاکەیە ڕێگە پێدراو نییە هەتا هەموو ڕێگاكانی تر تاقینەكرێنەوە، بۆ ئەو كاتەیە كە هیچ چارەیەک نامێنێت، ئەوسا وەک دەڵێن: دوا دەرمان داخكردنە.
ڕاوێژ و ڕەزامەندی
بنەمایەکی دیکە لەناو خێزاندا بریتییە لە ڕاوێژ و ڕەزامەندی. بنەماکانی ئیسلام ئەوە ڕەت دەكاتەوە كە وەک ئەوەی ئەمڕۆ دەگوترێت، دیکتاتۆرییەت بێت و خێزان لەسەر فەرمانەکانی یەک لایەن بونیاد نرابێت (تەنها مێرد یان تەنها ژن). ئەمە هەڵەیە بە دەقی قورئانی پیرۆز. خوای گەورە فەرمان بە ڕێککەوتن و ڕەزامەندی و ڕاوێژکردن لە نێوان ژن و مێرددا دەکات، ئەوەتا دەفەرموێت: (فَإِنْ أَرَادَا) (جا ئەگەر ویستیان) واتە (ژن و مێرد) (فِصَالًا) (شیر ببڕنەوە لە منداڵ)، نابێت ژن شیردان بپچڕێنێت بە بێ ڕاوێژکردن لەگەڵ مێردەکەیدا، و هەروەها مێردیش نابێت فەرمانی پێ بکات بە بێ ڕەزامەندی ئەو، چونکە خوای گەورە دەفەرموێت: (عَن تَرَاضٍ مِّنْهُمَا وَتَشَاوُرٍ فَلَا جُنَاحَ عَلَيْهِمَا) (لە دوای ڕەزامەندی هەردووکیان و ڕاوێژ لە نێوانیاندا، ئەوا هیچ گوناهێکیان لەسەر نییە). ئەم دوو ڕستەیە بە پێی فیقهی زمان بریتییە لە بەشداریکردنی چالاك، واتە لە نێوان هەردوو لادایە بەیەكسانی، بە پێچەوانەی بەشداریکردن لەژێر کاریگەریدا. ئەم ئایەتە ئەوە دەگەیەنێت کە قەیوومەتی پیاو وەک سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕییە، بەڵام ژن وەک سەرۆکی جێبەجێکارە، ئەگەر ئەم دەربڕینە ڕاست بێت. ئەم دوانە ئەگەر شتێکیان ویست، دەبێت بە ڕێککەوتنی نێوانیان بێت.
ئەگەر ئەم بنەمایە لە پرسی شیرداندا داواکراو بێت، ئەوا هەموو کاروبارەکانی تریش دەگرێتەوە، وەک لە کتێبەکانی فیقهـ و ئوسوڵدا هاتووە. ئەگەر بێتو ئێمە بنەمایە خوداییە بگرین، ئەوا خێزان بەهێز و پتەو دەبێت و بە پێی بنەمای ڕاوێژ دەڕوات. بەڵام ئەگەر پیاو تەنها فەرمان بکات و ژنیش گوێڕایەڵ بێت یان سەرپێچی فەرمانەکان بکات، ئەوا ناتەواوی و کێشە دروست دەبێت.
ئەمانە چەند بنەمایەکی سەرەکین کە وادەکەن خێزان پتەو، پڕ بەزەیی، کارلێکەر، ڕاوێژکار و ڕازی بێت، ڕێك وەک ئەوەی ئیسلام دەیخوازێت.
نووسینی: پ.د. عەلی موحییەدین قەرەداغی
سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمانان