Jan 03 2024
پ. د. عەلی قەرەداغی، ئەمینداری گشتیی یەكێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان لە لێدوانێكدا زۆر بە توندی ئیدانەی هێرشە تیرۆرستییەكانی وڵاتی ئێرانی كرد، كە لە پارێزگای كرمانی ئێرانی دوو تەقینەوە لە نزیك گۆڕی قاسم سولەیمانی ڕوویدا و كۆمەڵێك كوژراو و برینداری لێكەوتەوە.
هاوكات دوو تەقینەوەكە لە كاتێكدا ڕوویداوە كە قەرەباڵغییەكی زۆر لە گۆڕستانەكە هەبووە، ئەویش بەهۆی یاد كردنەوەی وادەی گیان سپاردنی (قاسم سولەیمانی) و بەم هۆیەشەوە زیانێكی گیانی زۆری لێ كەوتەوە كە تا ئێستا بە نزیكەی 100 كوژراو و 141 بریندار دەخەمڵێنرێت.
پ. د. عەلی قەرەداغی لەو بارەیەوە لە لێدوانەكەیدا ڕایگەیاند:
"زۆر بە توندی ئیدانەی هێرشە تیرۆرستییەكانی پارێزگای كرمان دەكەم لە ئێران، كە بووە هۆی لێكەوتنەوەی چەندەها قوربانی و بێ تاوان و ڕژانی خوێنی بێ گوناهـ، ئەویش بەهۆی ئەم كردە قێزەون و قبووڵ نەكراوەوە.
بە ورد بوونەوە لەم كارەساتە دڵتەزێنانە، لەوە دڵنیا دەبینەوە كە دوژمنان جیاوازی ناكەن لەنێوان پێكهاتەكانی گەلی ئیسلامیدا، هەربۆیە پێویستە گەلی مسوڵمان یەكبگرن لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان و قەوارەكانیان، هەروەك چۆن گرنگە پاڵپشتی خۆمان بۆ خێزانی قوربانییان دەرببڕین و پرسە و سەرەخۆشی خۆمانیان ئاڕاستە بكەین و نزای شیفا و چارەی زوو بۆ برینداران بكەین.
نمونەی ئەم جۆرە ڕووداوانە وامان لێ دەكات هەست بەو ڕاستییە بكەین كە پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەوڵەكانی یەك بخات و كۆشش بكات بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر بەتەواوی جۆرەكانیەوە، بەتایبەتی مەترسیدارترینیان كە تیرۆری دەوڵەتی داگیركاری زایۆنیی دڕندەیە، كە نە یاسا دەزانێت و نە ئەخلاق و نە مرۆڤایەتی".