Dec 15 2025

دەوحە – قەتەر
ڕۆژی شەممە، لە بارەگای سەرەکیی یەکێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان لە دەوحە، یەکەمین دانیشتنی ئەنجوومەنی جەنابی پ.د. عەلی قەرەداغی، بە ناونیشانی «دواکەوتوویی ئوممەتی ئیسلامی: هۆکارەکان، شوێنەوارەکان و ڕێگاکانی چارەسەر» بەڕێوەچوو. لەم کۆڕەدا کە ژمارەیەکی بەرچاو لە زانایان و بیرمەندان ئامادە بوون، بە وردی دۆخی ئێستای جیهانی ئیسلامی و هۆکارە ڕیشەییەکانی قەیرانەکان خرانە بەر باس.
ئامارە مەترسیدارەکان و پارادۆکسی دەوڵەمەندی و هەژاری
پ.د. عەلی قەرەداغی، سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان، لە دەستپێکی کۆڕەکەدا ئاماژەی بەوە دا کە دواکەوتوویی پرسێکی ڕێژەییە، بەڵام ئامارەکان بۆ جیهانی ئیسلامی مەترسیدارن. بەڕێزیان ڕوونی کردەوە کە بەپێی ئامارە نێودەوڵەتییەکان، ڕێژەی هەژاری لە جیهانی ئیسلامیدا لە نێوان ٣٧٪ بۆ ٥٠٪ دایە و ساڵانە نزیکەی ١١ ملیۆن کەس بەهۆی نەخۆشی و کەمیی خزمەتگوزارییەوە گیان لەدەست دەدەن.
دکتۆر عەلی پەنجەی خستە سەر "پارادۆکس"ێکی گەورە و وتی: "سەرەڕای ئەوەی جیهانی ئیسلامی خاوەنی زۆرترین یەدەگی نەوت، گاز، و فۆسفاتە، بەڵام بەهۆی خراپی بەڕێوەبردنەوە ڕووبەڕووی 'ئیفلاسێکی کەڵەکەبوو' بووەتەوە کە بە ٥ ترلیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت، لە کاتێکدا بودجەی تەرخانکراو بۆ فێرکردن و توێژینەوەی زانستی لە زۆربەی وڵاتاندا کەمترە لە ٢٪."
نوێکردنەوەی پرسیارە مێژووییەکە
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، د. عەلی قەرەداغی گەڕایەوە بۆ پرسیارە مێژووییەکەی شێخ ڕەشید ڕەزا و میر شکیب ئەرسەلان کە پێش سەدەیەک وروژێنرا بوو: "بۆچی مسوڵمانان دواکەوتن و ئەوانی دی (ڕۆژئاوا) پێشکەوتن؟". جەختی لەوە کردەوە کە دوای تێپەڕبوونی ١٠٠ ساڵ، هێشتا ئەم پرسیارە وەڵامێکی نوێ و کردەیی دەوێت و کێشەکە تەنها ئابووری نییە، بەڵکو ڕیشەکەی لە قوڵایی بیرکردنەوە و بەڕێوەبردندایە.
تیۆری "فیقهی میزان" و دوو باڵەکەی پێشکەوتن
سەبارەت بە ڕێگاکانی چارەسەر، پ.د. قەرەداغی دیدگایەکی شرۆڤەکاری لە ژێر ڕۆشنایی "فیقهی میزان" خستەڕوو. بە بڕوای ئەو، پێشکەوتن بە یەک باڵ ناکرێت، بەڵکو پێویستی بەم دوو باڵە هەیە:
باڵی دینداری: پابەندبوون بە بەهاکان و ئیمانی ڕاستەقینە.
باڵی عیمران (ئاوەدانکردنەوە): کە بریتییە لە زانست، تەکنەلۆژیا و بەڕێوەبردنی ژیان.
دکتۆر عەلی ڕەخنەی لە تێگەیشتنی ئێستای موسڵمانان گرت و وتی: "کێشەی ئێمە ئەوەیە تەنها گرنگی بە ڕواڵەتی دینداری دەدەین (وەک نوێژ و ڕۆژوو بە تەنها) و باڵی ئاوەدانکردنەوەمان فەرامۆش کردووە، لەکاتێکدا ڕۆژئاوا باڵی ماددی گرتووە و پێشکەوتووە، بەڵام ئەوانیش بەبێ لایەنی ڕۆحی، دووچار بە قەیران هاتوون."
پێنج هۆکارە سەرەکییەکەی دواکەوتن
سەرۆکی یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵمان، هۆکارە ڕیشەییەکانی دواکەوتنی لە پێنج خاڵدا کۆکردەوە:
گرفتی فیکری: شێوازی بیرکردنەوەی تاک و کۆمەڵگە کێشەی تێدایە.
گرفتی ەلەلی سیاسی: نەبوونی ئازادی و بوونی ستەمکاری سیاسی.
گرفتی پەروەردە: فێرکردنمان نە ئیسلامیی ڕاستەقینەیە نە ڕۆژئاوایی پێشکەوتوو، ناتوانێت کادیر دروست بکات.
تێگەیشتنی هەڵە بۆ ئایین: ئایین لە ناوەڕۆکە دادپەروەرییەکەی داماڵراوە و کراوە بە تەنها ڕواڵەت.
گەندەڵی: بە هەموو جۆرەکانییەوە (دارایی و کارگێڕی).
فەتوای گرنگ و پڕۆژەی کردەیی
لە بەشی کۆتایی و وەڵامی پرسیارەکاندا، دکتۆر عەلی قەرەداغی چەند چارەسەرێکی بوێرانەی خستەڕوو:
زەکات بۆ زانست: فەتوای دا کە دروستە پارەی زەکات بدرێت بە خوێندکارانی پزیشکی، ئەندازیاری و زانستە تەکنۆلۆژییەکان، چونکە بەهێزکردنی ئوممەت بەوانەوە دەکرێت، نەک تەنها بۆ خوێندنی شەرعی.
زەکات بۆ ئازادی: سەبارەت بە مەسەرفی "و في الرقاب"، ڕوونی کردەوە کە ئەمڕۆ کۆیلە نەماوە، بەڵام گەلێک کە ئیرادەی لێ زەوت کرابێت و لەژێر ستەمدا بێت، حوکمی "کۆیلە"ی هەیە و دەکرێت زەکات بۆ ئازادکردنیان بەکاربێت.
خوێندنەوەی گەردوون: داوای کرد چەمکی "إقرأ" فراوان بکرێت بۆ خوێندنەوەی کتێبی "نووسراو" (قورئان) و کتێبی "بینراو" (گەردوون و زانست).
پڕۆژەی "الکافي": ئاماژەی بە پڕۆژەیەکی ستراتیژی کرد كە بەڕێزیان خاوەنداری دەكەن، بە ناوی "الکافي" کە ساڵانە توانای کۆکردنەوەی ٤٥٠ ملیار دۆلاری هەیە لە ڕێگەی زەکات و قەرزی حەسەنە و وەقفی وەبەرهێنانەوە بۆ نەهێشتنی هەژاری، بەڵام بەداخەوە بەهۆی بەربەستە سیاسییەکانەوە جێبەجێ نەکراوە.
بڕیارە ئەم ئەنجوومەنە بەردەوامی بە دانیشتنەکانی بدات بۆ تاوتوێکردنی پرسە هەنووکەییەکانی دیکەی جیهانی ئیسلامی.