پ.د. عەلی قەرەداغی لە "خێمەی سەوز"دا جەخت لە ڕۆڵی بەها ئیسلامییەکان دەكاتەوە لە پتەوکردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتیدا

Feb 26 2026

پ.د. عەلی قەرەداغی لە "خێمەی سەوز"دا جەخت لە ڕۆڵی بەها ئیسلامییەکان دەكاتەوە لە پتەوکردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتیدا

لە کەشێکی ڕەمەزانیی پڕ لە هۆشیاری و بەرپرسیارێتیدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر عەلی محێدین قەرەداغی، سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان و سەرۆکی ڕێكخراوی ڕابیتەی مرۆیی، بەشداری كرد لە یەکەمین دانیشتنی بیستەمین وەشانی پڕۆگرامی "خێمەی سەوز". لەم دانیشتنەدا، گفتوگۆ كرا لەسەر ڕۆڵی بەها ئیسلامییەکان لە چەسپاندنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی سەقامگیریی کۆمەڵگەکاندا.

پ.د. قەرەداغی لە گوتارەكەیدا دووپاتی کردەوە کە ئیسلام سیستەمێکی ئەخلاقیی یەکگرتووی دامەزراندووە کە نرخی کەرامەتی مرۆڤ بەرز دەنرخێنێت و ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەکاتە بەرهەمێکی سروشتیی باوەڕی هۆشیارانە و هەڵسوکەوتی بەرز.

ناوبراو ڕوونی کردەوە کە ئاسایش لە دیدگای ئیسلامیدا بەهایەکی گشتگیرە و لە ناخی مرۆڤەوە دەست پێدەکات؛ لە ئاسایشی دڵ و عەقڵ و ویژدان، پاشان درێژ دەبێتەوە بۆ ئاسایشی کۆمەڵگە لەڕێی دادپەروەری و پاراستنی مافەکان و یەکسانیی دەرفەتەکان و چاودێریکردنی لاوازەکان. بۆیە ئەو کۆمەڵگەیەی کەرامەتەکانی تێیدا دەپارێزرێت و تیایدا ڕێز لە بەهاکانی دەگیرێت و دادپەروەری تێیدا دەکرێتە پێوەر، خاوەنی بنەماکانی سەقامگیری و پێشکەوتنە.

سەبارەت بە مەبەستەکانی شەریعەت، پ.د. قەرەداغی باسی لەوە کرد کە مەبەستەکان بۆ پاراستنی پێنج پێویستییە سەرەکییەکە هاتوون: ئایین، ژیان، عەقڵ، ماڵ، و نەوە. کە ئەمانەش لە بنەڕەتدا بنەمان بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئارام و یەکگرتوو. بۆ نموونە، زەکات و وەقف و هاوکاریی کۆمەڵایەتی، ئامڕازی کرداریین بۆ چارەسەرکردنی هەژاری و بێبەشبوون، هەروەها چەسپاندنی کولتوری لێخۆشبوون و گەردەنئازادی یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی دیاردەکانی توندوتیژی و گرژی لەناو کۆمەڵگەکاندا.

هەروەها جەختی كردەوە لە گرنگیی گفتوگۆ و ڕێزگرتن لە فرەچەشنیی کلتوری و هزریدا، چونکە فرەیی سوننەتێکی گەردوونییە و بەڕێوەبردنی هۆشیارانە و دادپەروەرانە بەرپرسیارێتییەکی گشتییە. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە بنیادنانی مرۆڤی هۆشیار دەروازەی ڕاستەقینەیە بۆ هەر پڕۆژەیەکی پێشکەوتنخوازیی بەردەوام، ئەمەش پێویستی بە تەواوکاری هەیە لە نێوان پەروەردە و فێرکردن و ڕاگەیاندن و وتاری ئایینییدا.

لەکۆتایی دانیشتنەکەدا، پ.د. قەرەداغی دووپاتی کردەوە کە چەسپاندنی سیستەمی بەها ڕەوشتییەکان، بنەمای سەرەکییە بۆ بەهێزکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئەو نەتەوەیەی کە باشتر جیاوازییەکانی خۆی لە چوارچێوەی دادپەروەری و بەزەییدا بەڕێوە دەبات و توانای دروستکردنی داهاتوویەکی سەقامگیرتر و گەشەسەندووتری هەیە.

پۆستی هاوشێوە