سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان پیرۆزبایی لە د. بەرهەم ساڵح دەکات بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستە باڵا نێودەوڵەتییە نوێیەکەی

Dec 19 2025

سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان پیرۆزبایی لە د. بەرهەم ساڵح دەکات بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستە باڵا نێودەوڵەتییە نوێیەکەی

پڕۆفیسۆر دکتۆر عەلی قەرەداغی، سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی دکتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق کرد، بەبۆنەی دەستنیشانکرانی وەک کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران.

لە پەیامەکەدا هاتووە: "بە خۆشحاڵی و شادییەکی زۆرەوە لە یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان, هەواڵی دەستنیشانکردنی جەنابتانمان وەک کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران پێگەیشت.. یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان گەرمترین پیرۆزباییتان ئاڕاستە دەکات لەپای ئەم هەڵبژێردرانە سەرکەوتووەوە کە بەرئەنجامی ڕێزگرتنە لە هەوڵەکانتان و پابەندبوونی ئێوەیە بە بنەما نەگۆڕەکانی وڵات و نەتەوەوە. داواکارین لە خودای گەورە سەرکەوتن و ڕێنمایی زیاترتان پێ ببەخشێت. "

سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان ئاماژەی بەوە داوە کە ئەم هەڵبژاردنە کە لەلایەن ئەنتۆنیۆ گوتێرس، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە ١١ی کانوونی یەکەم بڕیاری لەسەر دراوە، بۆ ماوەی پێنج ساڵە و لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ـەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

د. عەلی قەرەداغی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا بۆ د. بەرهەم دەڵێت: "ئەم پۆستە ڕێزلێنان و تاجێکی شایستەیە بۆ کەسایەتی بەڕێزتان و بۆ هەوڵە زانستی و کردەییەکانتان، هەروەها نیشانەی شانازییەکی گەورەیە کە پێگەی جیهانیتان بەهێزتر دەکات."

لە کۆتایی پەیامەکەدا، سەرۆکی یەکێتیی جیهانی زانایانی مسوڵمان، هیوای خواست کە د. بەرهەم ساڵح لەم ئەرکە نوێیەیدا بتوانێت بە سەركەوتوویی خێر و چاکە بۆ گەلە لێقەوماوەکانی جیهان بەدی بهێنێت و خزمەت بە مرۆڤایەتی بكات.

جێگای ئاماژەیە، د. بەرهەم ساڵح وەک کەسایەتییەکی دیاری سیاسی و ئەکادیمی، پێشتر پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقی بەڕێوەبردووە و ئێستا وەک کۆمیسیاری باڵای پەنابەران (UNHCR) ڕۆڵێکی هەستیاری نێودەوڵەتی دەگرێتە ئەستۆ.

پۆستی هاوشێوە