Mar 25 2026

جەنابی پڕۆفیسۆر دکتۆر عەلی محێدین قەرەداغی، سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان و ڕێکخراوی ڕابیتەی مرۆیی، پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی قووڵی خۆی ئاراستەی هەریەکە لە جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی و بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی هەرێم و بەڕێز پافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تەواوی گەلی کورد کرد بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، بەهۆی شەهیدبوونی کۆمەڵێک لە پاڵەوانانی پێشمەرگە و برینداربوونی چەندانی دیکە، لە ئەنجامی ئەو هێرشە دوژمنکارییانەی کرانە سەر هەرێمی کوردستانی عێراق.
جەنابیان خەمباریی قووڵی خۆی بۆ ئەم کۆستە ئازاربەخشە دەربڕی و جەختی لە هاوسۆزیی تەواوی خۆی لەگەڵ گەلی کوردی ئازیز کردەوە، هەروەها ئەو قوربانییانەی بەرز نرخاند کە ڕۆڵەکانی کورد لەپێناو ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەدا داویانە.
داواکاریش بوو لە خودای گەورە کە شەهیدان لە بەرزترین پلەکانی بەهەشتدا وەربگرێت و سەبووری و ئارامی بە کەسوکاریان ببەخشێت و شیفای خێرا بۆ بریندارەکان بنێرێت. هەروەها هیواخواز بوو کە پەروەردگار هەرێمی کوردستان و هەموو وڵاتانی موسڵمانان لە هەموو خراپەیەک بپارێزێت و ئەم شەڕ و ئاژاوانە لە کۆڵ ئەم گەلە بکاتەوە و ئاگری کێشەکان بکوژێنێتەوە، بەجۆرێک کە خێر و سەقامگیری بۆ گەلان بەدی بهێنێت.