پ.د. عەلی قەرەداغی لە لێدوانێكدا ئیدانەی هێرشەكانی سەر هەرێمی کوردستان دەكات

Mar 04 2026

پ.د. عەلی قەرەداغی لە لێدوانێكدا ئیدانەی هێرشەكانی سەر هەرێمی کوردستان دەكات

دوابەدوای پەیدابوونی گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوان وڵاتانی ئەمریكا-ئیسڕائیل و ئێران و هێرش و وەڵامدانەوەی هێرشەكان و پەلاماردانی وڵاتانی دیكەی ناوچەكە، پ.د. عەلی قەرەداغی، سەرۆكی یەكێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان و سەرۆكی ڕێكخراوی ڕابیتەی مرۆیی، لە لێدوانێكدا هاوسۆزی و پشتگیری خۆی بۆ كوردانی هەرێمی كوردستانی عێراق دەربڕی، لەئاست ئەو هێرش و پەلامارانەی بەهۆی ئێرانەوە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. هاوكات لەم سۆنگەیەوە خەمخۆری خۆی ڕاگەیاند بەرامبەر بە خەڵكی سڤیل و دامەزراوە مەدەنییەكانی هەرێمەكە و بە توندی ئیدانەكەی هێرشەكانی ئێران و هێرشەكانی ئەمریكا و ئیسڕائیلیشی كرد.

هەروەك وتی: "هاوسۆزی و پشتگیریی خۆم بۆ کەسوکارمان لە هەرێمی کوردستان دەردەبڕم، بەرامبەر بەو پەلامارە دوژمنکارانەیەی ئێران کە هاوڵاتییانی سڤیل و دامەزراوە مەدەنییەکانی لە هەرێمەکە و هەروەها لە وڵاتانی دیکەی ئیسلامیدا کردووەتە ئامانج. ئەم پەلامارانە بوونەتە هۆی زیانێکی گەورە و پشێوییەکی وێرانکەر لە تەواوی ناوچەکەدا". لە جێیەكی تریشدا ئاماژەی بەوەدا كە هێرشەكانی ئەمریكا-ئیسڕائیل ئیدانە دەكات كە گەلی ئێرانی كردۆتە ئامانج و داوای دەستبەجێ ڕاگرتنی شەڕی لە لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد: "هاوکات، ئێمە ئیدانەی پەلاماری زایۆنی-ئەمریکیمان کردووە بۆ سەر گەلی ئێران. داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی پەلامارەکان لەلایەن هەردوو لاوە دەکەین، و داوای دەستپێکردنی گفتوگۆی بونیادنەرانە بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان دەكەین".

پۆستی هاوشێوە