د. عەلی قەرەداغی: "نەوەكانی سەلاحەدین لەگەڵ غەززەن و گەلی عێراق پشتیوانی فەلەستین دەكات"

Nov 09 2023

د. عەلی قەرەداغی: "نەوەكانی سەلاحەدین لەگەڵ غەززەن و گەلی عێراق پشتیوانی فەلەستین دەكات"

لە سەرەتای دەستپێكردنی هێرش و كارەساتەكانی ئیسرائیل بۆسەر غەززە، پ.د. عەلی قەرەداغی، ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان، بەردەوام چاودێری دۆخەكەی كردووە و هەوڵی بێوچانی داوە بۆ هۆشیاركردنەوەی گەلانی موسڵمان لە پێویستی یەكڕیزی و هاوكاری لەم ساتە دژوارانەدا، چ لە ڕووی ماددی و چ لە ڕووی مەعنەوییەوە.

د. عەلی قەرەداغی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس، بە ئاشكرا پاڵپشتیی گەلی كورد و عێراقی بۆ غەززە و موسڵمانانی فەلەستین دەربڕیوە. ناوبراو نووسیویەتی: "نەوەكانی سەلاحەدین لەگەڵ غەززەن و ڕێگەی سەروەری مرۆڤایەتی ﷺ بەرنادەن و لەسەر پەیمانەكەیان ماون."

هەروەها جەختی لە یەكڕیزی و هاودەنگی گەلی عێراق كردووەتەوە و ڕایگەیاندووە: "گەلی عێراق بە عەرەب و كورد و سەرجەم پێكهاتەكانیەوە، لەگەڵ پرسە گەورەكانی گەلن، ئەمەش هیچ مایەی سەرسامی نییە، چونكە سەلاحەدین لەوێوە قودسی ڕزگار كرد.. گەلی عێراق بە فرە نەتەوەیی و فرە جۆری بەناوبانگە، بەڵام خاوەنی یەك ڕۆح و یەكێتیی نیشتمانییەكی بەهێزی وەهایە كە تەواوی ڕەگەز و پێكهاتەكان كۆدەكاتەوە و پاڵپشتی غەززە دەكات."

ئەم لێدوانانەی د. عەلی قەرەداغی لە كاتێكدایە كە بارودۆخی مرۆیی لە غەززە بە خێرایی بەرەو خراپتر دەچێت و بانگەواز بۆ هاوكاری و پشتگیری نێودەوڵەتی لە زیاتر بووندایە.