Nov 03 2025

تیرانا/ئەلبانیا – (٢ تشرینی دووەم ٢٠٢٥)
ڕۆژانی ڕابردوو، کۆنگرەیەکی زانستیی گرنگ لە شاری تیرانای پایتەختی ئەلبانیا بەڕێوەچوو، کە لەلایەن وەقفی زانایانی ئیسلامەوە سازکرابوو. ناونیشانی کۆنگرەکە بریتی بوو لە «هاوکاریی زانایان بۆ خزمەتکردنی گەل»، كە ژمارەیەکی زۆر لە زانایانی ئەلبانیا، وڵاتانی باڵقان (لەوانە بولگاریا و بۆسنە) و کۆماری تورکیای لە خۆ گرتبوو و ژمارەیان دەگەیشتە نزیكەی 210 كەسایەتی زانستی و بەرپرسانی باڵا و سەرۆکی پێشووی دیانەتی تورکیا لە پێشیانەوە بوون.
لەو کۆنگرەیەدا، بەڕێز پ.د. عەلی قەرەداغی، سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان، بە بانگهێشتێكی فەرمی ئامادە بوو و سێ وتاری سەرەکی پێشکەش کرد.
ئاراستەکردنی دۆخی گەل لە باڵقان
لە دەستپێكی کردنەوەی کۆنگرەکەدا، سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان، جەختی لە ڕۆڵی ڕابەرایەتیی زانایان کردەوە لە هەستانەوەی گەل و ڕێنماییکردنی کۆمەڵگا موسڵمانەکانی ئەلبانیا و باڵقاندا، بەتایبەتی ئەو گەلانەی کە سەرەڕای سەختی و ئاستەنگە مێژوویی و کلتوورییەکان، باوەڕیان پاراستووە.
بانگەواز بۆ گۆڕینی شێوازی کارکردنی زانایان
گرنگترین خاڵی وتارەکەی پ.د. عەلی قەرەداغی بریتی بوو لەو داوایەی کە پێویستە ئەرکی زانایان لە مزگەوت و مینبەرەکانەوە تێبپەڕێت بۆ تێکەڵبوونێکی کارا و ڕاستەقینە لە ناو ژیانی خەڵکدا (لە قاوەخانە، ماڵ و کۆڕە گشتییەکان). هەروەك بەڕێزیان ڕایگەیاند: "زانایەک کە خۆی لە خەڵک دادەبڕێت، پەیامەکەی لەدەست دەدات. زانایانی ڕاستەقینە ئەوانەن کە دەچنە مەیدان بۆ ئەوەی نووری ڕێنمایی (هیدایەت) بگەیەننە دڵی هەموو مرۆڤێک."
بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم بۆچوونە، چیرۆکێکی کاریگەری لە سەرگوزەشتەی حەزرەتی عیسا (سڵاوی خوای لێبێت) بە بەڵگە هێنایەوە و ڕوونیکردەوە کە "پەیامی زانایان لەمڕۆدا، چارەسەرکردنی دڵەکانە پێش دادگایی كردنی کردارەکان، هەروەها لەپێش قسەی وشکەوە، بانگەواز بە کردار دەبێت."
شەش بنەمای هەستانەوەی شارستانی
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، سەرۆکی یەکێتییەكە شەش بنەمای گەورەی بۆ هەستانەوەی شارستانی خستەڕوو، کە لە ئایەتی (١٥٧)ی سوورەتی ئەعرافەوە وەرگیراون. ئەو بنەمایانەش بریتی بوون لە:
١. فەرمانکردن بە چاکە.
٢. قەدەغەکردنی خراپە.
٣. حەڵاڵکردنی پاکی و خاوێنییەکان.
٤. حەرامکردنی پیسی و ناشرینییەكان.
٥. لابردنی باری گران.
٦. تێکشکاندنی کۆت و بەندە هزری و کۆمەڵایەتییەکان.
لەم چوارچێوەیەدا، ڕایگەیاند کە ڕاپەڕینی گەلان ئەو كاتە دەست پێدەکات كە ئیسلام بە شێوەیەکی شارستانی و سەرنجڕاکێش دەخرێتە ڕوو، وەک "ڕەحمەتێک بۆ هەموو جیهانییان"، نەک وەک "دروشمێکی سارد یان وتارێکی گرژ".
لە کۆتایی وتارەکەیدا، پ.د. عەلی قەرەداغی داوای کرد کە زانایان لەسەر وشەی ڕاستی یەکبگرن و زانست و هەڵسوکەوتیان بکەنە هۆکارێک بۆ نوێکردنەوەی متمانە بە ئیسلام لە دڵی خەڵکدا و گەڕاندنەوەی ژیان بۆ گیانی گەل.