Sep 17 2025
تەشقەند، ئۆزبەکستان – لە دڵی شاری تەشقەندەوە، پایتەختی ئۆزبەکستان، کۆنفرانسێکی گەورەی جیهانیی سەبارەت بە داڕشتنی سیستەمێکی دارایی ئیسلامی بەردەوام بەڕێوەدەچێت. پرۆفیسۆر د. عەلی قەرەداغی، سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان، بەشدارییەکی پڕشنگداری لە کۆنفرانسەکەدا هەبوو.
لە وۆرکشۆپێکی زانستی تایبەتمەنددا کە ڕۆژی سێشەممە بەڕێوەچوو، پ.د. عەلی قەرەداغی، وتارێکی گرنگی دەربارەی "سکوکی ئیسلامی" پێشکەش کرد. ناوبراو بە وردی ڕۆڵی ئەم سکوکانەی لە بوژاندنەوە و پەرەپێدانی کۆمەڵگا ئیسلامییەکاندا خستەڕوو، بەڵام هاوکات بەوپەڕی ڕاشکاوییەوە ئاماژەی بەو گرفت و ئاریشانە کرد کە ڕووبەڕووی هەندێک ئەزموونی نوێی سکوک دەبنەوە، بە تایبەت کاتێک لە ئامرازێکی ڕاستەقینەی گەشەپێدانەوە دەگۆڕێن بۆ تەنها شێوازێکی ڕووکەش یان جێگرەوەی ناو بۆ سەنەداتی قەرزە باوەکان. د. عەلی قەرەداغی داوایەکی بەپەلەی لە ئامادەبوان کرد کە هەوڵ بۆ چاکسازییەکی گشتگیر و دانانی بنەما و ڕێسای پتەو بدەن، لەپێناو ئەوەی سکوکەکان وەک ئامرازێکی کاریگەر و دڵسۆز بۆ ڕۆحی شەریعەت بمێننەوە و ئامانجە گەورەکانی گەلی ئیسلامی بەدی بهێنن.
لە دیدگای قورئانییەوە، پ.د. عەلی قەرەداغی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە "پارە" لە ئیسلامدا پڕۆژەیەکی شارستانیی گەورەیە و ئامرازێکی بنەڕەتییە بۆ ئاوەدانکردنەوەی زەوی، نەک تەنها ژمێردراوێکی ناو بانکەکان. ئەم ڕوانگەیە، وەک ناوبراو ڕوونیکردەوە، قەبارەیەکی فراوانتر دەبەخشێتە بانکی ئیسلامی، بە جۆرێک کە دەگۆڕێت بۆ هێزێک بۆ بونیادنانی مرۆڤ و کۆمەڵگا، و جێگیرکردنی کەرامەت و دادپەروەری.
د. عەلی قەرەداغی دووپاتی کردەوە کە گەورەترین ئەرک لەبەردەم سستەمی بانکی ئیسلامیدا ئەمڕۆ، تەنها لە داڕشتنی گرێبەستەکان یان دۆزینەوەی جێگرەوەی شێوەیی بۆ ئامرازە باوەکان نییە. بەڵکو لەوەدایە کە بەها قورئانییەکان بە شێوەیەکی کردەیی لە هەموو مامەڵە داراییەکاندا بەرجەستە بکرێن. ئەمەش پێویستی بە ویستێکی دامەزراوەیی بەهێز و یاسادانانی وردبین، و چاودێرییەکی توند هەیە، تا دڵنیا ببنەوە لەوەی کە هەموو مامەڵەکان لەگەڵ مەبەستە سەرەکییەکانی شەریعەتدا یەک دەگرنەوە و ژیانێکی دادپەروەرانە و پڕ لە کەرامەت بۆ مرۆڤایەتی دابین بکەن.