Jan 05 2025
لە بەرواری 21ی 12ی 2024 بەدواوە، هەموو ڕۆژانی شەممەیەك، بەڕێز پ.د. عەلی محێدین قەرەداغی، سەرۆكی یەكێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان؛ لە نووسینگەی تایبەت بە خۆیەوە لە قەطەر، وانەیەكی هەفتانە بە زمانی عەرەبی پێشكەش دەكات. بە ناونیشانی "إحیاء وتجدید علم أصول الفقه والفكر الإسلامي" – "زیندوو كردنەوە و نوێكردنەوەی زانستی ئسوڵی فیقهـ و فیكری ئیسلامی" كە تیایدا نمایشی پەیڕەوێكی هەڵێنجراوی نوێ دەكات كە قووڵیی شەریعەت و شرۆڤەی فیكری بەیەكەوە گرێ دەدات و كۆ دەكاتەوە.
وانەكە لە نووسینگەی سەرەكی دكتۆر عەلی قەرەداغی دەوترێتەوە و هەر لەوێش تۆمار دەكرێت و ڕاستەوخۆ لە پەڕە و ماڵپەڕە فەرمییەكانی خۆیەوە پەخش دەكرێن. پ.د. عەلی قەرەداغی ئامانجی لەم وانانە، برەو دانە بە تێگەیشتنی هەمەلایەنە لە پرسە شەرعی و فیكرییەكان، لەڕێی بونیادنانی ئەقڵیەتێكی شرۆڤەكاری ڕێژەیی و گشتگیرەوە.
ئەم هەنگاوەی پ.د. عەلی قەرەداغی، سەرۆكی یەكێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان؛ بە هەنگاوێكی بێ وێنە و جیاواز و گرنگ دادەنرێت لەپێناو برەودان بە هۆشی گشتیی كۆمەڵگا و تاكەكانی و ڕاست كردنەوەی بیرە چەوتەكانیان و نیشاندانی ڕێیەك پێیان بۆ بیركردنەوەی هاوسەنگانە.