بەم نزیكانە زنجیرەیەكی زانستیی نوێی پ.د. عەلی قەرەداغی لە مانگی ڕەمەزاندا بڵاو دەكرێتەوە

Feb 19 2025

بەم نزیكانە زنجیرەیەكی زانستیی نوێی پ.د. عەلی قەرەداغی لە مانگی ڕەمەزاندا بڵاو دەكرێتەوە

بەم نزیكانە و لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزانی ساڵی 2025، زنجیرەیەكی زانستیی نوێی پ.د. عەلی قەرەداغی، سەرۆكی یەكێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان پەخش دەكرێت بەناونیشانی "لەگەڵ پێغەمبەران و پەیامبەران". كە بە هاودەستی و بەشداربوونی چەند زانایەكی تری گەورە زنجیرەكە تۆمار كراوە. بەشداربووانی زنجیرەكە برتیین لە:

عەلی محێدین قەرەداغی – سەرۆكی یەكێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان

محمد الحسن ولد الددو – جێگری سەرۆكی یەكێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان

علی بن محمد الصلابي – ئەمینداری گشتیی یەكێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان

فضل عبدالله مراد – ئەمینداری هاوكاری یەكێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان

نورالدین الخادمي – ئەندامی دەستەی ئەمیندارانی یەكێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان

عبدالحي یوسف - ئەندامی دەستەی ئەمیندارانی یەكێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان

 

شایەنی باسە وەرزی یەكەمی زنجیرەكە تایبەتە بە باسی پێغەمبەر ئادەمەوە – سەلامی خودای لەسەر-، كە لەو وەرزەدا، لەڕێی سی ئەڵقەوە گفتوگۆ لەسەر دیارترین ئەو گومانە دەكرێت كە لەلایەن ناخوداكان و گومان لەدڵەكانەوە وروژێنراون و ڕووبەڕووی پرسی بەدیهێنان و بوون و سەرەتای مرۆڤایەتی كراوەنەتەوە. هەروەها هەر یەكێك لەو گومانانە ڕەت دەكاتەوە و بەپێی بەڵگەی ئەقڵی و نقڵی و بەڵگەی زانستیی متمانەپێكراو و فێركارییەكانی ئیسلام و شەریعەت؛ وەڵامیان دەداتەوە.

لە زنجیرەكەدا وتاری ڕۆحی و وتاری ئەقڵیی زانستی بەیەكەوە كۆكراونەتەوە، كە هەر یەكێكیان بۆ تێراوكردنی دڵ و دەروون و هزر و هۆش گرنگن. بەجۆرێكی هاوسەنگی وا كە بەپێی فیقهی میزان، كلتوور و مێژوو لەگەڵ دیدی واقیعی و مەبەستدار كۆدەكاتەوە.