ڕابیتەی مرۆیی لە ساڵیادی دامەزراندنیدا، ١٠٠ ملیۆن دینار زەکات و ١٠٠٠ سەبەتەی خۆراک دەبەخشێتە هەزار خێزانی هەژار

May 01 2025

ڕابیتەی مرۆیی لە ساڵیادی دامەزراندنیدا، ١٠٠ ملیۆن دینار زەکات و ١٠٠٠ سەبەتەی خۆراک دەبەخشێتە هەزار خێزانی هەژار

ڕۆژی پێنج شەممە، یەکی ئایاری ٢٠٢٥، ڕێکخراوی ڕابیتەی مرۆیی بە بۆنەی ٣٧هەمین ساڵیادی دامەزراندنییەوە، لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا لە پارێزگای سلێمانی، دەستیکرد بە دابەشکردنی یارمەتییەکی گەورە بەسەر خێزانە هەژارەکاندا. ئەم پڕۆژە خێرخوازییە گرنگە بریتیبوو لە دابینکردنی بڕی ١٠٠ ملیۆن دینار و ١٠٠٠ سەبەتەی خۆراک، کە بەسەر ١٠٠٠ خێزانی کەم دەرامەتدا دابەشکران.

ڕێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی پرۆفیسۆر د. عەلی قەرەداغی، سەرۆکی ڕێکخراوی ڕابیتەی مرۆیی، و ژمارەیەک کەسایەتیی دیاری ئایینی، و بەڕێز هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، بەڕێوەچوو. ئامادەبووان ستایشی ڕۆڵی ڕێکخراوی ڕابیتەی مرۆییان کرد لە خزمەتکردنی کۆمەڵگادا و پەرۆشییان بۆ بەردەوامیدان بە کاری خێرخوازی دەربڕی.

پ.د. عەلی قەرەداغی لە وتەیەکدا جەختی لە گرنگیی هاوکاری و هاوپشتی لە نێوان چین و توێژەکانی کۆمەڵگادا کردەوە، بەتایبەت لەم دۆخەی ئێستادا کە پێویستی بە پشتگیریکردنی زیاتری خێزانە هەژارەکانە. ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە ڕابیتەی مرۆیی بەردەوام دەبێت لەسەر پەیامە مرۆیی و خێرخوازییەکەی و هەوڵدەدات درێژە بە پڕۆژەکانی بدات بۆ گەیاندنی یارمەتی بە زۆرترین ژمارەی کەسانی پێویست.

لای خۆیانەوە، سوودمەندبوانی ئەم پڕۆژەیە، سوپاس و پێزانینی بێپایانی خۆیان ئاراستەی خێرخوازان و ڕێکخراوی ڕابیتەی مرۆیی کرد. وێڕای دەربڕینی دڵخۆشی و دەستخۆشی، نزای خێریان بۆ هەموو ئەو کەسانە کرد کە لەم کارە خێرخوازییەدا بەشداربوون و هیوایان خواست کە ئەم جۆرە پڕۆژانە بەردەوام بن.

ئەم دەستپێشخەرییە گەورەیە، نیشانەیەکی ڕوونە لەسەر پەرۆشیی ڕێکخراوی ڕابیتەی مرۆیی و گەلی كوردی خێرۆمەند بۆ کەمکردنەوەی ئازار و مەینەتییەکانی خێزانە هەژارەکان و دروستکردنی کۆمەڵگایەکی یەکگرتوو و هاوکار.