Feb 26 2026

بسم الله الرحمن الرحیم
ئەو شتانەی ڕۆژوو دەشکێنن و ئەو شتانەی نایشکێنن لە بابەتە سەردەمییەكاندا
ڕۆژوو: چوارەم پایەی ئیسلامە و بەم شتانە بەدی دێت:
خۆگرتنەوە لە خواردن و خواردنەوە.
خۆگرتنەوە لە جووتبوونی سێکسی.
دوورکەوتنەوە لە حەرامکراوە مەعنەوییەکان.
پێناسەی شکێنەرەکانی ڕۆژوو: هەر شتێکە كە بگاتە ناو گەروو یان گەدە، بەڵام فیقهزانان لەسەر ئەمە ناکۆکن، ڕای ڕاجیح ئەوەیە: هەر شتێک بتوانێت بگاتە گەدە ئەوا ڕۆژوو دەشکێنێت، بەبێ فراوانکردن یان تەسککردنەوە. هیچ دەقێک لە قورئانی پیرۆزدا و لە سوننەتی پیرۆزدا نییە کە دیاریکردنی "ناو گەروو" یان "گەدە"ی تێدا بێت، بەڵکو فەرمایشتی خودای گەورە بەکار هێنراوە:
﴿وَكُلُوا وَاشْرَبُوا حَتّى يَتَبَيَّنَ لَكُمُ الخَيْطُ الأَبْيَضُ مِنَ الخَيْطِ الأَسْوَدِ مِنَ الفَجْرِ﴾
واتە: هەر شتێکی وەک خواردن یان خواردنەوە و هاوشێوەیان بگاتە گەدە.
ئەو شتانەی ڕۆژوو ناشکێنن لە بابەتە سەردەمییەكاندا
گازی ئۆکسجین ئەگەر ماددەی تری لەگەڵدا نەبێت، ڕۆژوو ناشکێنێت چونکە هەوایە.
سپڕای ڕەبۆ ڕۆژوو ناشکێنێت؛ چونکە گازێکە بڕێکی کەم لە دەرمانی لەگەڵدایە وەک پەمپ و هەڵمژین، هەروەها کەمتر لە پاشماوەی غەرغەرەکردن دەچێتە ناو گەرووەوە، بۆیە لە حوکمی گومانلێکراودایە و دڵنیاییش بە گومان لەناو ناچێت.
قەترەی چاو ڕۆژوو ناشکێنێت، ڕێگەش بە كلی چاو دراوە بۆ ڕۆژووەوان.
بەخشینی خوێن ڕۆژوو ناشکێنێت.
قەترەی لووت و سپڕای لووت ڕۆژوو ناشکێنن، مەگەر شتێک لەوانە بچێتە ناو دەم و قوت بدرێت.
قەترەی گوێ ڕۆژوو ناشکێنێت چونکە ناگاتە گەدە.
دەرزیی ژێر پێست ڕۆژوو ناشکێنێت.
دەرکردنی شلەی مۆخ یان کێم ڕۆژوو ناشکێنێت.
ئەوەی لە ڕێگەی کۆم یان میزەڵدانەوە چارەسەری پێدەکرێت وەک شاف؛ ڕای ڕاجیح ئەوەیە کە ئەگەر بە دڵنیاییەوە نەگاتە گەدە، ئەوا ڕۆژوو ناشکێنێت.
ئەوەی لە ڕێگەی زێی ئافرەتەوە دەچێتە ژوورەوە، وەك شوشتنی ناو زێ و نازۆر و پشکنینی زێ و حەبی شاف و مەڵهەم و كۆمەڵێك شتی دیکە دەگرێتەوە؛ ڕۆژوو ناشکێنن چونکە ناگەنە گەدە و بە گەدەوە بەستراو نییە.
وەرگرتنی نموونە لە جگەر یان ئەندامەکانی دیکە ڕۆژوو ناشکێنێت.
نازۆر ئەگەر هیچ ماددەیەکی تری لەگەڵدا نەبێت، ڕۆژوو ناشکێنێت.
ئەو شتانەی ڕۆژوو دەشکێنن لە بابەتە سەردەمییەكاندا
شوشتنی گورچیلە چونکە بریتییە لە پاککردنەوەی خوێن لە ماددە ژەهراوییەکان بە دانانی شلەی جێگرەوە، بۆیە ڕۆژوو دەشکێنێت.
دەرزیی دەماری بەگشتی لە ڕوانگەی منەوە ڕۆژوو دەشکێنێت، هەندێکیش جیاوازی دەکەن کە ئەگەر موغەزی بێت ڕۆژوو دەشکێنێت، ئەگەرنا نایشکێنێت.
وەرگرتنی خوێن لەلایەن ڕۆژووەوانی نەخۆشەوە لە ڕێگەی دەمارەوە؛ ڕۆژوو دەشکێنێت.
پیتاندنی هێلکە لە دوو حاڵەتدا ڕۆژوو دەشکێنێت:
لەڕێی گەیاندنی ناوەكییەوە، ئەویش بە گەیاندنی سپێرم بە هێلکە.
یان دەرهێنانی و پاشان گەڕاندنەوەی بۆ ناوەوە.
جگەرەکێشان و نێرگەلە و جگەرەی ئەلیکترۆنی ڕۆژوو دەشکێنن؛ چونکە ماددەکان دەگەنە ناو گەروو و سییەکان و دەگوازرێنەوە بۆ هەموو جەستە، هەروەها گوناهیشە و هیچ مۆڵەتێک نییە بۆ گوناهکار.
بابەتە وردەكان
سڕكردنی نیمچەیی ڕۆژوو ناشکێنێت. بەڵام سڕكردنی گشتی بە یەکێک لەم دوو ڕێگەیە دەکرێت:
سڕكردن لە ڕێگەی دەمارەوە بە ماددەیەکی خێرای کاریگەر.
لەدەستدانی هۆش.
ئەگەر بێ هۆشی هەموو ڕۆژەکە بگرێتەوە، ئەوا ڕۆژوو دەشکێنێت، ڕای ڕاجیحیش ئەوەیە کە ئەوەی لەهۆش خۆی دەچێت، یەک ڕۆژی بۆ هەژمار دەکرێت.
بەخشینی خوێن ڕۆژوو ناشکێنێت، وەک كەڵەشاخ وایە و زۆربەی زانایان لەسەر ئەوەن کە ڕۆژوو ناشکێنێت، هەندێکیشیان بە پشتیوانی فەرموودەی: «أفطر الحاجم والمحجوم، واتە: ئەوەی كەڵەشاخ دەكات و ئەوەشی كەڵەشاخی بۆ دەكرێت، ڕۆژووەکەی شكاوە» دەڵێن ڕۆژوو دەشکێنێت، بەڵام ئەم فەرموودەیە لاوازە، بە پێچەوانەی فەرموودەی: «احتجم النبي صلى الله عليه وسلم وهو صائم، واتە: پێغەمبەر (ﷺ) بە زمانی ڕۆژووەوە كەڵەشاخی كردووە»، کە فەرموودەیەکی سەحیحە و بوخاری و موسلیم گێڕاویانەتەوە.
نەخۆشانی شەکرە لەو حاڵەتانەدا کە پزیشکان دەڵێن ڕۆژوو زیانیان پێدەگەیەنێت، ڕۆژوو ناگرن و قەرەبوو (کفارەت)یان لەسەرە، کە ئەویش بریتییە لە پێدانی خواردن بە یەک هەژار بۆ هەر ڕۆژێک، بڕەكەشی نزیکەی ٧ دۆلاری ئەمریکییە.
خوا زاناترە.
نووسینی
پ.د. عەلی محێدین قەرەداغی