Feb 08 2026

فەتوا سەبارەت بە هەژمارکردنی زێڕ وەک نیصاب بۆ دراوە کاغەزییەکان و کاڵا بازرگانییەکان و پشکەکانی کۆمپانیاکان و شتی دیکە.
پرسیار:
چەندین پرسیار و ڕاپرسیم پێ گەیشتوون سەبارەت بە هەژمارکردنی زێڕ وەک نیصابێك بۆ دراوە کاغەزییەکان و کاڵا بازرگانییەکان و پشکەکانی کۆمپانیاکان و شتی دیکە. ئایا هێشتا نیصابی زێڕ پێوەرە لەكاتێكدا نرخی زێڕ بەرز بوونەوەیەكی زۆری بەخۆیەوە بینیوە؟ ئایا دەکرێت پشت بە نیصابی زیو یان شتێکی دیکە ببەسترێت؟
وەڵام:
سوپاس و ستایش بۆ خوای پەروەردگاری جیهانیان، سڵاو و سڵاوات لەسەر پێغەمبەر کە ڕەحمەتە بۆ جیهانییان و لەسەر خێزان و هاوەڵەکانی، هەروەها لەسەر ئەوانەی شوێن ڕێنماییەکانی کەوتوون تا ڕۆژی دوایی..
پاشان:
خوای گەورە زەکاتی بۆ دوو مەبەستی گەورە و گشتگیر داناوە، ئەوانیش:
مەبەستی یەکەم: بەدیهێنانی پەرستشێكی دڵسۆزانە و پاک بۆ خوای گەورە، ئەویش بە پاککردنەوەی دڵی دەوڵەمەندان لە چاوچنۆکی و تەماح، هەروەها پاککردنەوەی دڵی هەژارەکان لە ئیرەیی و کینەی کۆمەڵایەتی، لەگەڵ كۆمەلێك شتی هاوشێوە. ئەمەش لەپێناو ئەوەی برایەتی ئیسلامیی هاودەستییانە بێتەدی. خوای گەورە فەرموویەتی: (فإن تابوا و أقاموا الصلاة وآتوا الزكاة فإخوانكم في الدين). سورەتی التوبة: 11.
مەبەستی دووەم: دابینکردنی پێداویستییەکانی هەژاران و گەشەپێدانیان و دەرهێنانیان لە هەژاریی پڕووكێنەر و گەیاندنیان بە ئاستی بژێوی بێ نیاز و پاشان بە ئاستێكی باشتر. دیارە ئەم ڕەهەندە کۆمەڵایەتییە هەموو ئەو شتانە دەگرێتەوە کە پەیوەندییان بە بانگەواز و لەپێناو خودا هەیە.
ئەم دوو مەبەستە هەردوو کێشی میزانی زەکات پێکدەهێنن کە قورئانی پیرۆز لە فەرمایشتێكی خودای گەورەدا باسی لێوە کردووە: (خُذْ مِنْ أَمْوَالِهِمْ صَدَقَةً تُطَهِّرُهُمْ وَتُزَكِّيهِم بِهَا وَصَلِّ عَلَيْهِمْ إِنَّ صَلَاتَكَ سَكَنٌ لَّهُمْ وَاللَّهُ سَمِيعٌ عَلِيمٌ). سورەتی التوبة: 103.
هەر لەمەوە تێدەگەین کە زەکات باجێك نییە کە لەلایەن دەوڵەتەوە یان لەلایەن دەوڵەمەندەکانەوە بەسەر خۆیاندا بسەپێنرێت، بەڵکو زەکات سیستەمێکی دارایی هاوبەشیی وردە کە مافەکانی هەژاران لەگەڵ مافەکانی دەوڵەمەندان و بەرژەوەندییەکانی هەموویان لەم دونیایە و لە دواڕۆژدا ڕەچاو دەکات، لەهەمان كاتدا بۆ بەرژەوەندیی کۆمەڵگە و دەوڵەتیشە.
ئاشكرایە كە نیصابی زۆربەی سامانەکانی زەکات بە فەرموودەی جێگیر دیاریکراون، وەک نیصابەکانی سامانی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری و زێڕ و زیو خۆیان، لێرەدا مشتومڕەكە زیاتر لە دەوری کاڵا بازرگانییەکان و پێشکەوتنەکانی سەردەم دەسوڕێتەوە، وەک دراوە کاغەزییەکان و شتی دیکە.
*زانايان لە زەکاتی کاڵا بازرگانییەکاندا ڕێککەوتوون تا ئەوەی وتراوە کۆدەنگی زانایانی پێشینەی لەسەر بووە، ئیبنولمونزیر فەرموویەتی: "هەموو زانایان کۆکن لەسەر ئەوەی کە لە کاڵا بازرگانییەکاندا زەکات واجبە، ئەگەر بێتو ساڵێک بەسەریاندا تێبپەڕێت" لەسەر ئەم بنەمایە، بۆچوونەکانی زانایان لەبارەی نیصابی کاڵا بازرگانییەکانەوە باس دەکەین، ئایا بە زێڕ یان بە زیو یان بە شتێکی تر هەڵدەسەنگێنرێت؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەمە دەڵێین:
کاڵا بازرگانییەکان بەهایان بریتییە لە نرخیان لەو ڕۆژەدا كە ساڵێک بەسەریاندا تێپەڕیوە، ئەمەش زانایان لەسەری ڕێكن. ئەو شتەی کە جیاوازیی تێدا هەیە ئەوەیە: ئایا بە زێڕ یان بە زیو یان بە شتێکی تر هەڵدەسەنگێنرێت؟
لێرەدا زانایان بۆ چەند ڕایەک جیابوونەتەوە کە ناسراوترینیان ئەمانەن:
ڕای یەکەم: بەو شتە هەڵیدەسەنگێنێت کە زیاتر سوودی بۆ هەژاران هەیە، لە زێڕ یان زیو یان شتێکی تر، ئەمەش ڕیوایەتێكی بەهێزە لە ئەبو حەنیفەوە. لە "التجريد"ی القدووري (ت ٤٢٨هـ) هاتووە: "...چونکە ئێمە کاڵاکان بەوە هەڵدەسەنگێنین کە سوودی زیاتری بۆ هەژاران هەیە، و هەندێک جار سوودەکە لە خودی کاڵاکەدا بووە.." (المرغیناني)یش بەم گوتەیەی ئەوەی سەرەوەی پشتڕاست کردۆتەوە: "زەکات لە کاڵا بازرگانییەکاندا واجبە ئەگەر بەهاکەی گەیشتە نیصابی زێڕ، یان كاغەز... بەوەیان هەڵیدەسەنگێنێت کە سوودی زیاتری بۆ هەژاران هەیە، ئەمەش لەپێناو پاراستنی مافی هەژاران، لای ئەبو حەنیفە ڕەحمەتی خوای لێ بێت..." ئەمە ڕای حەنابیلەکانیشە، چونکە ئەوانیش چوونەتە سەر ئەوەی کە بەو شتە هەڵیدەسەنگێنێت کە زیاتر سوودی بۆ هەژاران هەیە لە زێڕ یان زیو.
ڕای دووەم: بە دراوە زاڵەکەی وڵات لە هەموو بارودۆخێکدا هەڵیدەسەنگێنێت، ئەمە ڕای موحەممەدی هاوەڵی ئەبو حەنیفەیە (ڕەحمەتی خوایان لێ بێت) و شافیعییەکانیش لەسەر ئەمە لایەنگیرن، هەروەها گوتەی ئەبو ئیسحاقیشە.
ڕای سێیەم: بەوە هەڵیدەسەنگێنێت کە پێی کڕیوە، ئەگەر بێتو بە دراو کڕیبێتی، ئەگینا بە دراوە زاڵەکەی وڵات هەڵیدەسەنگێنێت، و ئەمە ڕای ئەبی یوسفە.
ڕای چوارەم: بە دراوێک کە پێی کڕیوە، بە گشتی، جا دراوە زاڵەکەی وڵات بێت یان نا، ئەمە مەزهەبی شافیعییە.
ڕای پێنجەم: هەژمارکردن بە فرۆشتن، قەرافی فەرموویەتی: "ئەگەر وتمان بە هەڵسەنگاندنە، ئەوا ئەوەی بە زێڕ دەفرۆشرێت، بە زێڕ هەڵدەسەنگرێنێت، ئەوەشی زۆربەی کات بە زیو دەفرۆشرێت، بە زیو، چونکە نرخی بەکاربردنە. ئەگەر بە هەردووکیان دەفرۆشرێت و یەکسان بن بۆ زەکات، ئەوا خۆی هەڵبژاردنی بۆ هەیە." ئەگینا ئیبنولقاسم فەرموویەتی: "بنەمای زەکات زیوە، بەوە هەڵیبسەنگێنە، خۆ ئەگەر وتمان هەردووکیان بنەمان، ئەوا ئەبو حەنیفە و ئیبن حەنبەل فەرموویانە: سوودبەخشترین بۆ هەژاران هەژمار دەکرێت، چونکە هەڵسەنگاندن بۆ ئەوانە."
ڕای بەهێزی خوازراو
ئەوەی میزان دەیخوازێت، بریتییە لە خەمڵاندنی نیصابی کاڵا بازرگانییەکان و دراوە کاغەزییەکانمان بەوەی کە سوودبەخشترین و باشترین و پڕسوودترینە بۆ هەژاران، بەڵام بە یەک مەرج، ئەویش خەمڵاندنەکە لەو مەبەستە دەرنەچێت كە شەریعەت لە دانانی نیصابدا هەیەتی، كە مەبەستەكەش بریتییە جیاوازی كردن لە نێوان هەژاری نیازمەند و ئەوەی کە لە بازنەی پێویستییەوە دەرچووە و چووەتە بازنەی دەوڵەمەندییەوە. ئەم مەرجەش بۆ بەدیهێنانی دادپەروەریی گشتگیرە لە ئیسلامدا، هەم بۆ دەوڵەمەندان و هەمیش بۆ هەژاران. بۆ پاراستنی سامانە بچووکەکانە لە هەڵگرتنی بارگرانی دارایی وەک زەکات، تا گەشە بکەن و بگەنە ئاستی نیصاب. زانای پایەبەرز (الدهلوي) لە "الحكمة في وجوب النصاب في كل جنس" قسەیەکی نایابی کردووە کە کورت دەکرێتەوە لەوەی، خاوەندارێتی نیصاب بۆ ماوەی ساڵێک دەبێتە هۆی تێپەڕاندنی سنووری هەژاری و وا دەکات بۆ ماوەی نزیکەی ساڵێک خۆی بژیێنێت.
تەنانەت پێغەمبەر (ﷺ) ئەوەی ڕوون کردەوە و فەرمووی: "خێر تەنها لەویدو دەوڵەمەندییەوە دێت." مەبەست لە خێر، خێرە گشتگیرەکەیه کە زەکات و جگە لەویش دەگرێتەوە. ئیمامی بوخاری ئەم بابەتەی بە "لا صدقة إلا عن ظهر غنى" ناوناوە. (هیچ خێرێک نییە تەنها لەودیو دەوڵەمەندییەوە نەبێت)، پاشان بە سەنەدی خۆی لە پێغەمبەرەوە (ﷺ) گێڕاوەتیەوە و فەرموویەتی: "باشترین خێر ئەوەیە کە لەودیو دەوڵەمەندییەوە بێت..." و هەروەها بە دەبڕینێكی تر و جێگیری تر گێڕدراوەتەوە كە "لا صدقة إلا عن ظهر غنى" (هیچ خێرێک نییە تەنها لەودیو دەوڵەمەندییەوە نەبێت). ئەم فەرموودانە بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکەن کە خێری واجب (زەکات) لەگەڵ دەوڵەمەندییەوە دەست پێدەکات و هەرکەسێک نیصابی بۆ ماوەی ساڵێکی تەواو هەبێت (ساڵێک بەسەریدا تێپەڕیبێت) ئەوا چووەتە ئەم جیهانەوە.
لەسەر ئەم بنەمایە، زۆربەی زانایانی هاوچەرخ پشتیان بە نیصابی زێڕ بەستووە کە بیست مسقاڵە (دینار)، کە بە پێی کێشە هاوچەرخەکان دەکاتە (٨٥) گرام زێڕی خاوی عەیارە (٢٤)، واتە ٩٩٩% ی زێڕ. چونکە سەیری ئەوەیان کردووە کە نرخی (٨٥) گرام زێڕی خاو لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٥ – ١٩٩٠دا نزیکەی (٢٠٠٠) دۆلار بووە، پاشان لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٠ – ٢٠٢٣دا، لە نێوان ٣٠٠٠ دۆلار بۆ ٥٠٠٠ یان ٦٠٠٠ دۆلاردا بووە، کە ئەمە زۆر گونجاوە و دادپەروەری تێدایە بۆ هەژاران و دەوڵەمەندان. ئاشكرایە کە نیصابی زیو (٢٠٠) درهەمە کە دەکاتە (٥٩٥) گرام زیوی خاو، نرخی یەک ئۆنسە زیو لە ساڵی ١٩٨٩ بۆ ٢٠٢٢دا لە نێوان (٥.٥٠) دۆلار بۆ (٦.٠٠) دۆلاری ئەمریکیدا بووە، واتە نرخی یەک گرام زیوی خاو لە نێوان (٠.١٨) بۆ (٠.١٩) سەنت ئەمریکیدا بووە. ئەگەر (٥٩٥) گرام کە نیصابی زیوە بدەین لە (٠.١٩) سەنت، ئەنجامەکە دەبێتە (١١٣.٠٥) واتە (١١٣) دۆلار و پێنج سەنت، ئەمە بڕێکی زۆر کەمە کە دەوڵەمەندی پێ نایەتەدی، یان نابێتە سنوورێک لە نێوان هەژاری و دەوڵەمەندیدا.
هەر بۆیە لەم قۆناغەدا پشت بە نیصابی زیو نەبەستراوە لە کاڵا بازرگانییەکان و دراوە کاغەزییەکاندا. سەلامەتی ئەم هەڵبژاردەیە لەوەدا دەردەكەوێت کە نرخی زیو – لە سەردەمی پێغەمبەردا (ﷺ) نزیکەی یەک لەسەر دەی نرخی زێڕ بووە، هەر بۆیە نیصابی زێڕ بیست میسقاڵ (دینارێک) بوو و نیصابی زیو (٢٠٠) درهەم بوو، واتە هەر دە درهەمێک یەکسان بوو بە یەک دینار. هاوکێشەکە ورد بوو و بەو هۆیەشەوە (الدیة) هەزار دینار بوو لە زێڕ و دە هەزار درهەم لە زیو. بەڵێ، لە قۆناغێکدا بە ڕێژەی ٢٠% زیادیکرد و گەیشتە (١٢٠٠٠) درهەم و بە هەمان ڕێژە کەمیشی کردەوە، بوو بە (٨٠٠٠) درهەم، کە ئەمە ڕێژەیەکی گونجاو و قبووڵکراو بوو. بەڵام ئەگەر جیاوازیی نێوانیان گەیشتە چەند هێندەیەک، ئەوا زیو لە پێوەر و هاوکێشەکە لادەدات، هەر بۆیە لە گرێبەستەکانی دواییدا پشت بە نیصابی زیو نەبەستراوە.
بەڵام لە ڕۆژی ٢٨/٠١/٢٠٢٦، نرخی یەک گرام زێڕی خاوی عەیارە (٢٤) (٦٤٧.٧٣) ڕیالی قەتەری بوو، ئەمەش واتە نرخی نیصابەکەی (٨٥) گرام زێڕی خاو دەکاتە (٥٥٠٥٧) ڕیال. ئەمەش بڕێکی زۆر گەورەیە، هەر بۆیە پێم وایە پێویستە پێداچوونەوە بەمەدا بکرێت.
بەڵام نرخی یەک گرام زیوی خاو لە ڕۆژی ٢٨/٠١/٢٠٢٦ (٢.٥٧) دۆلار بوو، ئەگەر بیدەین لە (٥٩٥) گرام دەکاتە (١٥٢٩) دۆلار، کە ئەمەش دەکاتە (٥٥٨٠) ڕیالی قەتەری. ئەم بڕەش کەمترە لە نرخی نیصابی وشتر: پێنج وشتر کە نرخەکەیان نزیکەی (٢٠.٠٠٠) ڕیالە، و (٤٠) سەر مەڕ کە نرخەکەیان نزیکەی (٤٠.٠٠٠) ڕیالە، و (٣٠) سەر مانگا کە نرخەکەیان نزیکەی (١٨٠.٠٠٠) ڕیالە. بەڵام لە باشترین حاڵەتدا زیاترە لە نرخی نیصابی گەنم کە خواردنی زاڵە لە زۆربەی وڵاتانی موسڵمان، بەڵکو زۆربەی وڵاتانی جیهانیش. ئێمە تێکڕای نرخی ٦٧٠ کیلۆ گەنمی قەتەرمان بۆ هەموو ساڵی ٢٠٢٥ نزیکەی (٢٠٠٠) ڕیال هەژمار کردووە، ئەمەش کەمترە لە نرخی نیصابی زیو. ئەمەش پشتگیری ڕووكردنە نیصابی زیو دەکات.
هەر بۆیە لە ڕێگەی ئەم پێشکەشکردنە وردەوە دەبینین کە پەسەندکراو لەم ساڵی کۆچییە (١٤٤٧ک) و پاشتردا بریتییە لە نیصابی زیو (٥٥٨٠) پێنج هەزار و پێنج سەد و هەشتا ڕیالی قەتەری، کە دەکاتە (١٥٢٩) دۆلاری ئەمریکی.
لە ڕووی فیقهییشەوە ناسراوە کە هەژمارکردنی زەکاتی کاڵا بازرگانییەکان بەم هەنگاوانەی خوارەوە دەست پێدەکات:
یەکەم: هەژمارکردنی هەموو دراوەکان و زێڕ و زیو بە نرخەکەیان لە ڕۆژی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەریاندا. ئیبن قودامە فەرموویەتی: "زێڕ و زیو تێکەڵ بەیەک دەکرێن و نیصابەکەیان تەواو دەبێت."
دووەم: هەژمارکردنی هەموو کاڵا نمایشكراوەكان بۆ فرۆشتن بە نرخی بازاڕ، ئەگەر بە شێوەی كۆ بفرۆشرێت ئەوا بە نرخی كۆ، ئەگەرنا بە نرخی تاك.
سێیەم: هەژمارکردنی هەموو قەرزە چاوەڕوانکراوەکان کە بازرگان چاوەڕوانی وەگرتنەوەیان دەکات.
چوارەم: دەرکردنی هەموو قەرزەکانی تایبەت بە کاڵا بازرگانییەکان.
پاشان ئەگەر ڕێژەكە گەیشتە نیصاب، (٥٥٨٠) ڕیال یان (١٥٢٩) دۆلار و ساڵێک بەسەریدا تێپەڕی، ئەوا زەکات بە ڕێژەی ٢.٥% واجب دەبێت، ئەگەرنا زەکات واجب نابێت. نیصابی کاڵا بازرگانییەکان و دراوە کاغەزییەکان یەکسانە بە (٥٥٨٠) ڕیال یان (١٥٢٩) دۆلاری ئەمریکی. گرنگە کە ئەم هەژمارکردنە لەسەر بنەمای نرخی زیو بێت لەمڕۆدا، ئەگەر نرخەکەی گۆڕا، ئەوا پێویستە ئەو گۆڕانکارییە لەبەرچاو بگیرێت.
نووسینی نیازمەند بە پەروەردگاری
پ.د. عەلی محێدین قەرەداغی
١ی شەعبانی ١٤٤٧ی کۆچی – بەرامبەر بە ٠٣/٠٢/٢٠٢٦ی زایینی