حوكمی كڕین و فرۆشتنی شتە نەزانراوەكان، سندووقی كاڵا ئەورووپییەكان بەنمونە

Dec 05 2025

پرسیار:
کۆمپانیایەک دەیەوێت سندوق بفرۆشێت بە قەبارە و نرخ و جۆری جیاواز. نرخی ئەو کەرەستانەی لەناو سندوقەکەدان، ئەگەر بە تاک بفرۆشرێن، زیاترە.
بۆ نموونە سندوقێک بۆ ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان ئامادە دەکەن، کەرەستەی تێدا دادەنێن کە بەهاکەی ١٠٠ یۆرۆ یان زیاتر بێت، بەڵام سندوقەکە تەنها بە ٢٠ یۆرۆ دەفرۆشن.
خاڵی گرنگ ئەوەیە کڕیار نازانێت چی لەناو سندوقەکەدایە، واتە دەیکڕێت و هەرچییەکی بۆ دەرچوو وەریدەگرێت.
لە ماڵپەڕەکەدا نموونەی کەرەستەکان یان وێنە دادەنێن، بەڵام هەموو شتەکان نین، چونکە ناوەڕۆکەکەی دەگۆڕێت، ئەمەش وەک سوپرایز وایە. هەڵوێستی شەرعی لەسەر ئەمە چییە؟

وەڵام بەپێی فیقهی میزان (فقه الميزان):
حوکمی شەرعی ئەوەیە کە فرۆشتنی شتی نەزانراو (مجهول) – نەزانراوی زۆر و گەورە – و ئەو شتانەی کە فێڵ و ناڕوونی (غەرەر)یان تێدایە – واتە ئەگەری بوون و نەبوون یان زیادكردن و کەمکردن و هاوشێوەکانی تێدایە، دروست نییە، مەگەر هۆکاری ئەو ناڕوونی و نەزانینە نەمێنێت کە بۆتە هۆی قەدەغەکردنەکە.

ڕوونکردنەوە:

یەکەم: یەکێک لە مەرجەکانی دروستیی مامەڵەی فرۆشتن لە شەریعەتدا ئەوەیە، کاڵای فرۆشراو بۆ هەردوو لایەن زانراو بێت، بەتایبەتی بۆ کڕیار، زانینێک کە ناڕوونی تێدا نەبێت و نەبێتە هۆی دروستكردنی کێشە و ناکۆکی؛ جا چ بە دیاریکردن بێت (کاڵاکە بە چاوی خۆی ببینێت و جۆر و بڕەکەی بزانێت) یان بە وەسفکردنێکی ورد بێت كە لە داب و نەریتدا باوە، بە شێوەیەک تەمومژێکی ئەوتۆ لە کاڵاکەدا نەمێنێت.
جا ئەگەر ئەوەی لەناو سندوقەکەدایە نە جۆرەکەی، نە بڕەکەی و نە وەسفەکەی زانراو نەبێت و کڕیار بە شێوازی "چی دەردەچێت با دەربچێت" بیکڕێت وەک ئەوەی لە پرسیارەکەدا هاتووە، ئەوا ئەمە ڕێک ئەوەیە کە شەرعزانان پێی دەڵێن: فرۆشتنی غەرەر (بیع الغرر).

دووەم: پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) بە ڕوونی نەهی لەم جۆرە فرۆشتنانە کردووە؛ لە ئەبو هورەیرەوە (خوای لێ ڕازی بێت) هاتووە کە پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت): «نەهی کردووە لە فرۆشتنی غەرەر» (موسلیم گێڕاویەتیەوە). غەرەریش وەک زانایان پێناسەیان کردووە: بریتییە لەوەی دەرەنجامەکەی نەزانراوە، یان شتێك كە دوودڵی تێدایە و لایەنی نەزانین و ئەگەر تیایدا زاڵە.
لە نموونەکانی غەرەر کە شەرعزانان دەقیان لەسەر قەدەغەییەکەی هێناوەتەوە: فرۆشتنی بێچووی ناو سک، فرۆشتنی باڵندە لە ئاسماندا، فرۆشتنی ماسی لە ئاودا (پێش ڕاوکردن)، و فرۆشتن بە دەست لێدان و فڕێدان... هەموو ئەمانە لەوەدا هاوبەشن کە کڕیار نازانێت لە ڕاستیدا چی وەردەگرێت. ئەم سندوقەش کە ناوەڕۆکەکەی نەزانراوە، لەم بەشەیە؛ بەڵکو لە هەندێک وێنەدا ڕەنگە توندتریش بێت؛ چونکە کڕیار نە جۆر، نە بڕ و نە وەسفەکەشی نازانێت.

سێیەم: غەرەر و ناڕوونی لەم مامەڵەیەدا غەرەرێکی کەم نییە کە شەریعەت لێی خۆش بێت، بەڵکو غەرەرێکی گەورە و ئاشکرایە؛ چونکە کڕیار دەچێتە ناو گرێبەستێکەوە کە نازانێت بەشی چییە تێیدا، لەگەڵ ئەگەری ئەوەی شتێکی دەست بکەوێت کە سوودی لێ نەبینێت، یان بە بۆچوونی خۆی بەهای ئەو پارەیە نەهێنێت کە داویەتی، یان شتانێکی تێدا دەبینێتەوە کە لە بنەڕەتدا پێویستی پێیان نییە، هەموو ئەمانەش دەبنە هۆی ناکۆکی و دووبەرەکی، شەریعەتیش بۆ داخستنی دەرگاکانی ناکۆکی و دووبەرەکی هاتووە؛ بە بەڵگەی فەرموودەی خوای گەورە: {يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آَمَنُوا لَا تَأْكُلُوا أَمْوَالَكُمْ بَيْنَكُمْ بِالْبَاطِلِ إِلَّا أَنْ تَكُونَ تِجَارَةً عَنْ تَرَاضٍ مِنْكُمْ}، ڕەزامەندییش (تراضی) لەلای خەڵکی ژیر لەسەر شتێک کە ڕاستییەکەی نەزانراو بێت، دروست نابێت.

چوارەم: ئەم مامەڵەیە لێکچوونێکی بەهێزی لەگەڵ قومار (مەیسیر) هەیە؛ چونکە کڕیار بڕە پارەیەکی دیاریکراو (٢٠ یۆرۆ) دەدات لە بەرامبەر "هەلێک" بۆ ئەوەی شتێک بباتەوە کە بەهاکەی سەد یان زیاتر یان کەمترە، و دەچێتە ناو بابەتەکەوە بەبێ ئەوەی بزانێت ئایا قازانج دەکات یان زەرەر لە ڕووی بەها و سوودەوە؟ ئەمەش ڕێک وێنەی قومارکردنە: پێدانی پارە لە بەرامبەر ئەگەری قازانجێکی نەزانراو، یان زەرەرێکی نەزانراو. خوای گەورەش لە وەسفی قوماردا دەفەرموێت: {إِنَّمَا الْخَمْرُ وَالْمَيْسِرُ... رِجْسٌ مِنْ عَمَلِ الشَّيْطَانِ}، مەبەستی شەریعەتیش لێرەدا پاراستنی ماڵی خەڵکە و ڕێگری كردنیانە لەوەی بچنە ناو گێژاوی سەرکێشیی ڕووتەوە، کە نە لەسەر زانین وەستاوە و نە لەسەر گرێبەستێکی ڕوون.

پێنجەم: ئەو قسەیەی فرۆشیار لە ماڵپەڕەکەدا کە دەڵێت: "بەهای ئەوەی لەناو سندوقەکەدایە یەکسانە بە سەد یۆرۆ" نەزانینەکە لانابات؛ چونکە کڕیار "بەهایەکی ژمارەیی" ناکڕێت، بەڵکو کەلوپەل و کاڵای دیاریکراو دەکڕێت، ڕەنگە سوودی لێ ببینێت یان لێی نەبینێت. ئەو بەهایەش کە باسکراوە ڕەنگە بەپێی نرخی تاکفرۆشیی کۆن بێت، یان بەپێی خەمڵاندنی فرۆشیار، یان بەپێی شتانێک کە کڕیار ناتوانێت لێی دڵنیا بێتەوە. شەریعەت بەم بڕە لە قسەی گشتی ڕازی نابێت، بەڵکو مەرجی ئەوەیە یان کاڵاکە ببینرێت یان وەسفێکی ورد بکرێت کە گومان نەهێڵێت.

شەشەم: شێوازە ڕێگەپێدراوەکان کە نزیکن لەم دەرگایەوە، ئەوەیە کە فرۆشیار ناوەڕۆکی سندوقەکە بە شێوەیەکی ورد و دیاریکراو بناسێنێت، بۆ نموونە بڵێت: "ئەم سندوقە پێکهاتووە لە: ئامێری فڵان لە جۆری فڵان، یان شەحن، و بیستۆک لە جۆری فڵان، لەگەڵ کێبڵ، و بەهای ئەم شتانە بەزۆری سەد یۆرۆیە، ئێمە بە داشکاندنەوە دەیفرۆشین بە بیست". لێرەدا کاڵاکە زانراوە و بابەتەكە دەبێتە بابەتی داشکاندن یان هەڕاجی، ئەمەش دروستە و هیچ کێشەی تێدا نییە. بەڵام ئەوەی کە ناوەڕۆکی سندوقەکە بە نادیاری بمێنێتەوە و تەنها نموونەی گشتی باس بکرێت، ئەوا غەرەر و ناڕوونییەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە.

حەوتەم: لەسەر بنەمای ئەوەی پێشتر باسکرا؛ ئەو شێوازەی لە پرسیارەکەدا هاتووە – کە کڕیار نازانێت چی لەناو سندوقەکەدایە، و سندوقەکە وەک سوپرایز دەکڕێت – لە ڕووی شەرعەوە دروست نییە (حەرامە)؛ چونکە لە جۆری فرۆشتنی غەرەری ئاشکرایە و بگرە لێکچوونی هەیە لەگەڵ قومار. پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) نەهی کردووە لە فرۆشتنی غەرەر و خوای گەورە خواردنی ماڵی خەڵکی بە بەتاڵ حەرام کردووە و فەرمانی کردووە بازرگانی بە ڕەزامەندییەکی ڕوونی وابێت کە لەسەر زانین بونیاد نراوە، نەک لەسەر سەرکێشی و قومارکردن.