Jan 24 2026

تەخوین و تەکفیر کێ لە پشت هێرشەکانەوەیە؟
د. عبداللطيف ياسين
ئەم بابەتە بە شێوەی خاڵبەندی دەخەمە ڕوو تاوەکو زنجیرەی بیری خوێنەر ئاڵۆز نەبێت و مەبەستەکان ڕوون بن:
١. کات و بڕیاردان: لەسەرخۆ دەستم بۆ نووسینی ئەم بابەتە برد تاوەکو پەلە نەکەم لە قسەکانم؛ چونکە بابەتە هەستیارەکان پێویستیان بە تێڕامانە نەک کاردانەوەی سۆزداری.
٢. دابەشکاریی ئایدۆلۆژی: دەبێت دان بەو ڕاستییە تاڵەدا بنێین کە کۆمەڵگەی کوردی بەسەر گرووپی ئایدۆلۆژیی جیاوازدا دابەش بووە، ئەمەش وای کردووە لایەنگری کوێرانە جێگەی حەقیقەت بگرێتەوە.
٣. پێکەوەژیانی ئایینی: کورد لە پێکەوەژیانی ئایینیدا لەم سەد ساڵەی ڕابردوودا کێشەی نەبووە، ئەمە خاڵێکی بەهێزی مێژووی ئێمەیە کە نابێت ڕێگە بدەین تێکبچێت.
٤. قەیرانی پێکەوەژیانی سیاسی: بەداخەوە توانای پێکەوەژیانی سیاسییمان نییە، مەگەر بەرژەوەندییەکی ماددی گەورە کۆمان بکاتەوە وەک (پۆست و پارە). ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە پرەنسیپی نیشتمانی لە لای هەندێک کەس لاوازە.
٥. مێژووی توندوتیژی: نموونەی ئەو هەموو کوشتوبڕەی لە شاخەوە دەستی پێکرد تا ناو شار، بەڵگەی ئەو عەقڵیەتەیە. خەریک بوو ناو شاریش وەک شاخ ڕووت بکەینەوە لە مرۆڤایەتی، ئەگەر دەستوەردانی ڕۆژئاوا نەبوایە.
٦. شەڕی سڕینەوەی یەکتر: شەڕی ئایدۆلۆژی و یەکتر نەخوێندنەوە، سیمایەکی زەقی ئێستا و ڕابردوومانە. لەبری دیالۆگ، پەنا بۆ شکاندنی یەکتر دەبرێت.
٧. ناسنامەی هێرشبەرەکان: ئەوانەی ئیدارەی ئەم شەڕە میدیاییە و تەکفیر و تەخوێنەیان دەکرد، لێرەدا کورت دەبنەوە:
• کۆمەڵێک کۆنەقینیان بەرامبەر ئایین هەیە.
• کۆمەڵێک نانیان لە فیتنە و تۆمەتبەخشینەوەدایە.
• کۆمەڵێک لە نەزانییەوە تێوەگلاون.
• هەندێکیشیان "مەئموور" و ڕاسپێردراون بۆ ئەم کارە.
٨. غیابی خوێندنەوە: پێم وایە زۆربەی هێرشبەرەکان ئەسڵەن بابەتەکەی جەنابی دکتۆریان نەخوێندبووەوە، تەنها لەبەر ناوەکەی هێرشیان دەکرد.
٩. بابەتێکی کۆن و ئامانجی نوێ: نەیانزانی کە ئەم بابەتە (نانە) هی ئێستا نییە، بەڵکو بابەتێکی کۆنە و تەنها بۆ مەرامی سیاسی "گەرم کراوەتەوە".
١٠. سادەیی لە بڕیاردان: دەرکەوت خەڵک چەند بە سادەیی و بەبێ بەڵگە بڕیار دەدەن و خەڵک تەکفیر و تەخوین دەکەن، کە ئەمە مەترسیدارترین جۆری بڕیاردانە.
١١. ڕۆڵی ڕۆژئاوا و تۆم باراک: لەم هاوکێشەیەدا، "تۆم باراک" وەک ئەندازیار و عەراب دەردەکەوێت. لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە: ئەگەر ئێوە ئەوەندە نیشتمانپەروەرن، بۆچی ناوێرن دژی سیاسەتەکانی ئەمریکا و ئەورووپا خۆپێشاندان بکەن و بچنە بەردەم سەفارەتەکانیان؟
١٢. چەکی دۆڕاو: پەنابردن بۆ "تەخوین" و "تەکفیر" نیشانەی دەستکورتی و بێدەسەڵاتییە. ئەوەی خاوەن حوجە و بەڵگە بێت، پێویستی بە تۆمەتبارکردنی کەسیی نییە. ئەم عەقڵیەتە "بۆنی لاشەی تۆپیوی" لێدێت و کۆمەڵگە وێران دەکات.
١٣. بازرگانانی فەلسەفە: ئەو قسەفرۆشانەی تەنانەت گوێیان لە قسەکانی (تۆم باراک و ترەمپ) نەگرتووە، کارەکەیان تەنها بۆ پارەیە. ئەمانە ڕۆژێک فەلسەفە دەفرۆشن و ڕۆژێک هەراجی دەکەن؛ بۆیە بەڵگە و ژمارە لای ئەمانە بێمانایە، چونکە نانیان لە ئاژاوە و براکوژیدایە.
١٤. مێژوویەکی پڕ لە خزمەت: لە کاتێکدا جەنابی دکتۆر لە هەشتاکانەوە خەریکی بەرگریکردن بووە لە کیانی کورد، نەیارەکانی خەریکی تێکدانی بوون. ویژدان دەبێت ئەوە ببینێت کە جەنابیان هەزارەها منداڵی شەهیدی پێشمەرگەی لە ڕۆژە سەختەکاندا بەخێو کردووە.
١٥. دەرەنجام: بۆ حوکمدان لەسەر کەسایەتییەکی وەک دکتۆر عەلی، پێویستمان بە فەلسەفەی ئاڵۆز نییە، تەنها کەمێک "ویژدان"مان دەوێت بۆ بینینی ڕاستییەکان
١٦. ڕاشکاویی تۆم باراک و بێدەنگیی نەیاران: ئەوەی "تۆم باراک" زۆر بە ڕاشکاوی دەیڵێت، ئەوانەی لای خۆمان خۆیان لێ کڕ کردووە و تەنها ئەوە دەجوینەوە کە نانیان پێ دەدات. پێم وایە سەرکردایەتی ئێستای ئەمریکا وەک ئەوانەی پێشوو نین، زۆر ڕاستگۆیانە دەدوێن و پەراوێز بۆ تەفسیر و ڕاڤەکردن جێناهێڵن؛ باشە بۆچی ناتانەوێت تێبگەن لەوەی دەگوزەرێت؟
١٧. جیاوازی لە گلەیی: من گلەییم لە کەسی ئاسایی نییە، هەروەها گلەییم لە و چەپدۆستەکانیش نییە (چونکە هەڵوێستیان دیارە)، بەڵکو گلەیی لەوانەیە کە دەبوو وردتر بن.
١٨. بەرپرسیارێتی ئەهلی فیکر: باشە ئەی ئەهلی نەزەر و چاوڕۆشن و خوێندەوار، تۆ چۆن کەوتیتە نێو ئەو داوە؟ ئایا لە خودا یان لە ویژدانی خۆت ناترسیت کە بە قسە و هەڕەشە و گەرمکردنی بازاڕی فیتنە، خوێنی خەڵک بڕژێت و سەقامگیری و ئاسایشی ئەم وڵاتە تێکبچێت؟
ڕاڤە: لێرەدا مەبەست ئەوەیە کە خوێندەوار دەبێت ڕێگر بێت لە فیتنە، نەک خۆی ببێتە سوتەمەنی بۆ تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی.
١٩. ژیریی سیاسییەکان بەرامبەر ڕۆشنبیران: من زۆرجار وتوومە و دەیڵێمەوە؛ تەنها لە وڵاتانی ئێمەدا سیاسییەکان لە ڕۆشنبیران و هەندێک لە بەناو مەلاکان، ژیرتر، عاقڵتر، دووربینتر و تەنانەت بە ویژدانترن. چونکە سیاسییەکە لانی کەم بەرژەوەندییەکی گەورەتر دەبینێت، بەڵام هەندێک ڕۆشنبیر تەنها بۆ تێکدان دەنووسن.
٢٠. تیرۆری کەسایەتی: ئەوەی زۆر سەیرە، ئەم کوردە زۆر ئازایە لە تیرۆرکردنی مێژوو و کەسایەتییەکانی خۆی؛ لەبری ئەوەی شانازییان پێوە بکات، هەوڵی شکاندنیان دەدات.
٢١. سەردەمی ڕاشکاویی ڕۆژئاوا: دیسان دووبارەی دەکەمەوە، ڕۆژئاوا ئێستا زۆر ڕاشکاوانە قسە دەکات و بوار نادات وەک پێشتر ڕاستییەکان تەنها لە یاداشت و بیرەوەرییەکاندا باس بکرێن. ترەمپ و تۆم باراک زۆر ڕاشکاو بوون، بۆیە تێناگەم ئەم هەموو قسەوباس و موزایەدە میدیاییە لەپای چییە؟ کاتێک سەرچاوە ئەسڵییەکە خۆی قسە دەکات، چیتر پێویست بە تەفسیری هەڵە ناکات.
٢٢. مێژووی پاکی ئیسلامییەکان: ڕۆڵی ئیسلامییەکان لە مەلەفی کوردایەتی و مافی کورددا، مێژوویەکی پاک و ڕوون و بێگەردە و پێویستی بە موزایەدە کردن نییە؛ چونکە خەباتەکەیان لە پێناو خاک و ناسنامەدا حاشاهەڵنەگرە.
٢٣. نەخۆشیی تەخوین لە هەرێم: ئەم عەقڵییەتی "تەخوین"ە بووەتە بەڵایەکی گەورە. لای ئێمە تۆمەتبەخشینەوە وەک یاری منداڵانی لێ هاتووە:
• لە پێکهێنانی حکوومەتدا، لایەنەکان بە یەکتر دەڵێن "خاکفرۆش".
• لە چوون بۆ بەغدا، هەمان تۆمەت دەبیستین.
• لە ڕووداوەکانی دوای ڕیفراندۆم و خەباتی شاخ و شاردا، ئەم بەزمە بەردەوامە. هەرکەسێک لەگەڵ بەرژەوەندیی ئەواندا نەبێت، دەبێتە "خاین". لای ئەوان کوردایەتی کاتێکە کە بەرژەوەندییان لەگەڵ بەغدا بێت، بەڵام ئەگەر بەرژەوەندییان نەمێنێت، چوون بۆ بەغدا دەبێتە خیانەت! ئەم قەتیسکردنەی کوردایەتییە تەنها لە "هەسەدە"دا، هەمان سیناریۆیە.
٢٤. بێدەنگیی بەرامبەر ئەکتەرە سەرەکییەکان: خۆشییەکە لەوەدایە تا ئێستا ڕێگە نەدراوە "ڕۆژئاوا" (مەبەست لایەنە کوردییەکەی ڕۆژئاوایە) قسان بکات، ئیدی لای خۆمان هەموو شتێکمان بڕاندووەتەوە و بڕیارمان داوە کێ خاینە و کێ نیشتمانپەروەر!
٢٥. موزایەدە و پرسیارە بێوەڵامەکان: ئەم موزایەدەیە زۆر بێتام بووە. خۆ کوردستان "وەزارەتی پێشمەرگە"ی هەیە، بۆچی ئەو بڕیار نادات؟ ئەو هەموو کۆنە جەبەلە (فەرماندانە) کە ئێستا لەناو حیزبەکانی دەسەڵات نان دەخۆن، بۆچی بە بێدەنگی پێداچوونەوە بۆ سەرووی خۆیان ناکەن بزانن بۆچی جڵەو ناکەن؟ ئەگەر بیانوویەکی لۆژیکییان هەیە، ئەی تۆ بۆچی موزایەدە دەکەی و ئاگری فیتنە خۆش دەکەی؟
٢٦. ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستییەکان: من چەند پرسیارێکم هەیە:
• ئەگەر ئەمریکا کوردی فرۆشت و خیانەتی کرد، بۆچی نووسەرە عەلمانییەکان و هەندێک لە ڕیشدارەکان بە بەڵگەوە نایخەنە ڕوو و دژی ئەمریکا خۆپێشاندان ناکەن؟
• بۆچی دژی هاتنی "تۆم باراک" گردبوونەوە نەکرا؟
• بۆچی سەرکردایەتی "هەسەدە" بە فەرمی ناڵێت ئەمریکا خیانەتی لێ کردین؟
• کشانەوەی کورد لە حەلەب، بەپێی ڕێککەوتن بوو یان شکست؟ بۆچی وەڵامی فەرمی بۆ تۆم باراک نییە؟
٢٧. شاردنەوەی ڕاستییەکان: سەرکردایەتی خۆمان سەدان شتیان لێ شاردووینەتەوە و تا ئێستاش باسی ناکەین، ئەی چۆن دەبێت بەم ئاسانییە بڕوا بە هەموو قسەیەکی سەرکردایەتی هەسەدە بکەین بەبێ وردبوونەوە؟
٢٨. داعش و چەواشەکاریی مێژوویی: زۆر سەیرە؛ ترەمپ بە فەرمی بڵاوی کردەوە کە (هیلاری کلینتۆن) لە سەردەمی باراک ئۆباما دەستی هەبووە لە دروستکردنی داعشدا، کەچی برادەرانی لای خۆمان تائێستاش شکستی عەقڵیی خۆیان دەخەنە ملی موسڵمانان و ئیسلام.
٢٩. نەفرەتنامە: * نەفرەت لەو کەسە بێت کە موزایەدە بە خوێنی گەل دەکات.
• نەفرەت لەوانەی کە لاشەی کچێکی منداڵیان لەسەر بان فڕێ دایە خوارێ.
• نەفرەت لەو کەسەی ڕاستی دەزانێت و درۆ بڵاو دەکاتەوە.
• نەفرەت لەوانەی پرچی کچ دەبڕن .
• نەفرەت لەوانەی ئایەتی خودا بە ئارەزووی خۆیان ڕاڤە دەکەن.
• نەفرەت لەو کەسەی درۆ لەگەڵ خۆی دەکات
• نەفرەت لەوانەی ماڵ و منداڵی بێتاوان لەو سەرمایەدا لە ماڵەکانیان دەردەکات.
• نەفرەت لەوانەی موزایەدە بە خوێنی کوردانی ڕۆژئاوا دەکەن .
• نەفرەت لەوانەی خیانەت لەو ئەمانەتە دەکەن کە پێیان سپێردراوە.